سەرەڕای ئەوەی زۆرێك لە عێراقییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە راپەڕینی پارێزگاكانی باشووری عێراق لە دژی ئێران نییە، بەڵكو تەنیا لەپێناو رووخان و نەهێشتنی گەندەڵییە، بەڵام ئێران ئامادەبوونێكی بەهێزی لە خۆپێشاندانەكاندا هەیە تا رادەیەك خۆپێشاندەران لە بەسڕە و میسان و عیمارە درووشمیان لە دژی ئێران بەرز كردبووەوە.
عومەر رەداد، نووسەر و شرۆڤەكاری ستراتیجی تەناهیی ئوردنی لە راپۆرتێكی لەو بارەوە دەڵێت، ساڵانێكە درووشمەكانی دژ بە ئێران لە خۆپێشاندانەكانی بەغدا بوونیان هەبووە و داوای چوونە دەرەوەی ئێرانیان كردووە، هاوكات لەگەڵ چەندان وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی بڵاو كراوە لەلایەن چالاكانەوە، بەوەی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكان تێوەگلاون.
سووربوونی عێراقییەكان بەوەی خۆپێشاندانەكانیان لە دژی ئێران نییە، پێوەستە بە درككردنێكی قووڵیان بەوەی بەرزكردنەوەی درووشمەكان راستەوخۆ لە دژی ئێران، دەستوەردانی ئێران بۆ سەركوتكردنیان خێراتر دەكات بۆ لەباربردنی ئەو بزاوەیان لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە، یان لە رێگەی دارودەستەكانی لە عێراق، بەتایبەتی حەشدی شەعبی كە بە كردەنی و بە شێوازێكی ئێرانیانە لە سەركوتكردنی راپەڕینی تاران و شارەكانی تری ئێران، دەست بەكار بوون.
هەروەها بەو پێیەی خۆپێشاندانەكان ناوچەكانی زۆرینەی شیعەنشینی گرتووەتەوە و لە دژی سەرانی شیعەی فەرمانڕەوا لە دوای 2003 ئاراستەن، ئەوەیش پەیامێكی روونە بەوەی خۆپێشاندانەكان لەدژی سەرانێكن كە ئێرانی بەناوی پارتە ئیسلامییە شیعەكانەوە دروستی كردوون، بۆیە هەڵكوتانە سەر بارەگەكانیان و سووتاندنیان پەیامێكی روون بوو بۆ سەرانی عێراق و ئێرانیش لەو بارەوە.
سەرەڕای كەمیی لێدوانی سەرانی ئێران لەبارەی خۆپێشاندانەكانی عێراق، بەڵام كاردانەوەی حكوومەتی عێراق و پارتەكانی سەر بە ئێران تووشی دژ بە یەكییەكی قووڵ بووەوە كە رەنگدانەوەی ئەو شپڕزەییەیە لە شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپێشاندانەكان بەرجەستە كرد.
لەو كاتەی كە سەرانی ئەو پارتانە پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەكان دەربڕی و بە مافێكی رەوای خەڵكەكەیان وەسف كرد و بە زیادبوونی ئاستی گەندەڵی و كەمیی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیان بەستەوە، ئەوان هەوڵەكانیان چڕ كردەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لەپشتەوەی خۆپێشاندانەكان وەستاون و خۆپێشاندەران داردەستی ئەمەریكان و ئامانجیان رووخاندنی شۆرشی ئیسلامییە، ئەوەیش دووبارەكردنەوەی مامەڵەی سەرانی ئێران بوو بۆ خۆپێشاندانەكانی ئەو وڵاتە لە تاران و شارەكانی تر و بە هەمان ناو و ناوەڕۆك بەهۆی خراپیی خزمەتگوزارییەكان و بوونی گەندەڵی، بەوەیش سەرانی عێراق بە هەمان شێوازی سەرانی ئێران، چیڕۆك و گێڕانەوەی راگەیاندنیان لەبارەی خۆپێشاندانەكان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا بنیات نا.
بژارەكانی ئێران بۆ سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكانی عێراق فرەوانە، بەڵام دواترینیان دەستوەردانی راستەوخۆ دەبێت بۆ سەركوتكردنیان، بەتایبەتی كاتێك دەستوەردانی راستەخۆی نەوێت بەهۆی بوونی حەشدی شەعبی و هێزەكانی سەر بە ئێران لە عێراق كە بۆ بەرژەوەندی ئەو كار دەكەن.
مەترسیی عێراقییەكان لە دەستوەردانی ئێران بۆ لەباربردنی راپەڕینەكانی عێراق بە دوو ئاراستەیە، یەكەمیان ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە عێراق و تۆمەتباركردنی رێكخراوەكانی قاعیدە و داعش بە ئەنجامدانیان و دەرچوونی بەیاننامەی یەرپرسیارەتی لە ئەستۆگرتنی راستەقینە لەلایەن داعش و قاعیدە لە سایەی پێوەندی هاوئاهەنگیكاری نێوان سوپای پاسداران و داعش و بە هاوشێوەی كردەكانی لە سەردەمی داگیركاری ئەمەریكا بۆ عێراق كە مەزارە شیعەكانی لە سامەڕا كردە ئامانج، ئەوەیش دووپاتی دەكاتەوە بەوەی هێشتا عێراق مەترسی داعشی لەسەر هەیە و پێویستە عێراقییەكان سەرەتا كار بۆ نەهێشتنی داعش بكەن نەوەك چارەسەركردنی گەندەڵی.
هەرچی ئاراستەی دووەمی مەترسییەكانە بریتییە لە ئەگەری ئەنجامدانی كاری تیرۆركردنی كەسایەتی و سەرانی ئەو پارتانەی دژی بوون و دەسەڵاتی ئێرانن لە عێراق، بەوەیش كارتەكان تێكەڵ دەكرێن و چاوەكان لەسەر خۆپێشاندان و داواكارییەكانی لا دەچێت، بەدووریش نازانرێت كە موقتەدا سەدر كە لە سەرووی لیستی نەیارانی بوونی ئێران لە عێراق دێت، ئامانجێكی ئەو كارە بێت، بەتایبەتی كاتێك ئێران مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە لە تیرۆركردنی كەسایەتییە شیعەكانی عێراق پێوەست بە ململانێی ناو ماڵی شیعە، بەتایبەتی لەوانەی لایەنگری مەرجەعیەتی نەجەفن نەوەك قوم.
سەركردایەتی ئێران درك بەوە دەكات كە راپەڕینی عێراقییەكان لەدژی سەرانی ئێران لە عێراق ئامانجی بوونی ئێرانە لەو وڵاتە و هاوكاتیشە لەگەڵ بوونی پلانی رژدی ئەمەریكا بۆ كردنە ئامانجی رژێمی ئێران و باڵەكانی لە عێراق و سووریا و لبنان، هەروەها درك بە گرنگی عێراق دەكات بەوەی دەروازەیەكە بۆ فێڵكردن و بەو هۆیەوە لە سزاكانی ئەمەریكا دەربازی دەبێت، بەو پێیەیش عێراق كڕۆكی پڕۆژەی ئێرانە لە ناوچەكە و یەكەم و گرنگترین گۆڕەپانیەتی.
هەروەها رەنگە رێگرتن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق تا ئێستە بەڵگەیەك بێت بۆ رۆڵی ئێران لە عێراق، لە سایەی ئەو چوارچێوەی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس دیاری كردوون بەوەی حكوومەتی نوێی عێراق دەبێت شیعە بێت و بە هاوكاری بەشێك لە كورد و سوننە پێك بهێندرێت، بۆیە لێرەوە پێشبینی ناكرێت كە ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری عێراق ببێت و جەنگێكی سەخت دەكات لە دژی هەر شۆڕشێكی عێراقییەكان، جا لە ژێر هەر ناونیشانێك بێت و لەسەر حسێبی عێراقییەكان و بە خوێنڕشتنی ئەوانیش بێت.