سائیروون: ئێمە حكوومەتی داهاتووی عێراق پێك دێنین

:: PM:06:29:26/07/2018 ‌

سەركردەیەكی هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات رای گەیاند كە ئەوانەی كورسی زیاتریان هەیە لە پەرلەمان حكوومەتی نوێ پێك دێنن و بەو پێیەیش هاوپەیمانی سائیروون حكوومەت پێك دێنێت.

لەگەڵ دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەهۆی دووبارە جیاكردنەوە و ژمارنەوەی بەدەستی دەنگەكان و سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكانی دوایی كە وای كرد موقتەدا سەرد داوای هەڵپەساردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و حكوومەتی نوێ بكات تا كاتی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران، دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە هەوڵەكانی سائیروون بۆ پێكهێنانی حكوومەت شكستی خواردووە.

محەمەد رەشك، سەركردە لە سائیروون لەو بارەوە بۆ رۆژنامەی "مەدا"ی عێراقی رای گەیاند، ئەو قسانەی باس لە چوونە دەرەوەی سائیروون لە یارییەكە و لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەت راست نییە و ئێمە لەو بارەوە لە دەوڵەتی یاسا دوورین، چونكە ئەوان هیچ دیدێكیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەت نییە، بۆیە بڕیارمان داوە لێیان دوور بین. 

زیاتر گوتی، گفتوگۆكانی سائیروون پێش خۆپێشاندانەكان گەیشتووەتە هەنگاوی پێشكەوتوو و لێكگەیشتنی راستەقینەمان لەگەڵ هاوپەیمانیەكانی نەسڕ و فەتح و حیكمە و وەتەنییە هەیە.

لای خۆیەوە محەمەد مەیاحی سەركردە لە هاوپەیمانی حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم گوتی، لە گفتوگۆكان لەگەڵ هێزە شیعەكان و لەگەڵ كورد و سوونەیش گەیشتووینەتە قۆناغی باش و رۆژانی داهاتوویش پەرەسەندنی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەتی لەگەڵ كۆتاهاتنی پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان. 

لای خۆیەوە رائید فەهمی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون دووپاتی كردەوە كە ئەوان بیر لە پۆستی سەرۆك وەزیران ناكەنەوە ئەوەندەی هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك دەدەن كە لەگەڵ پڕۆژە نیشتیمانیەكەیان بگونجێت.

ئاماژەی كرد كە سائیروون سێ خاڵ رەت دەكاتەوە، ئەوانیش دەستوەردانی دەرەكییە لە داڕشتن و دیاریكردنی سیاسەتی ناوخۆی وڵات و دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتەكان لەسەر بنەمای پێشوو بە پشتبەستن بە بەشبەشێنە و باڵادەستیی لایەنێك بەسەر بڕیارەكان. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل