ئەمەریكا ناوی پێشمەرگە دەخاتە ناو بودجەی بەرگری 2019 و پارەی بۆ تەرخان دەكات

:: PM:06:59:26/07/2018 ‌


ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بڕیاریان دا بەوەی ناوی پێشمەرگە بخەنە ناو رەشنووسی یاسای بودجەی سەربازی ئەمەریكا بۆ 2019 كە تیایدا بڕی 290 ملیۆن دۆلار بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆی 850 ملیۆن دۆلاری تەرخانكراو بۆ سوپای عێراق دیاری بكرێت.

وەك لە "شەفەق نیوز" هاتووە، لە رەشنووسی یاسای بودجەی سەربازی ئەمەریكا، كۆنگرێس ناوی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانی هێناوە و بەشێك لە پارەی تەرخانكراوی بۆ هێزە تەناهییەكانی عێراقی بۆ پێشمەرگە تەرخان كردووە.

بەپێی رەشنووسەكە ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریكا وای دەبینن كە هێزی پێشمەرگە رۆڵێكی دیار و گەورە دەبینێت لە هەڵمەتی هاوپەیمانان دژ بە داعش لە عێراق كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، بۆیە بەردەوامبوون لە یارمەتیدانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پاڵپشتی حكوومەتی عێراقی بە گرنگ دەبینن، ئەوەیش بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە.  

شایەنی باسە ناوی پێشمەرگە لە رەشنووسی یاساكە كە لە مانگی شوباتی رابردوو بڵاو كرابووەوە نەهاتبوو، بەڵام لە هەموواری پڕۆژە یاساكە ناوی پێشمەرگە هاتووە و و بڕی 290 ملیۆن دۆلاری لە كۆی 850 ملیۆن دۆلاری تایبەت بە سوپای عێراقی بۆ تەرخان كراوە. 

لە 2017 واشنتن بڕی 415 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی بەرگری خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخان كردبوو كە راستەوخۆ بە هەرێم دەدرا و لە بودجەی 2018یش بڕی 365 ملیۆن دۆلار بەهەمان شێوە تەرخان كرابوو.




 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل