پارتی لەسەر ڕێككەوتنی ستراتیجی لەگەڵ یەكێتی هاتە دەنگ

:: PM:08:01:26/07/2018 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بەستنی ڕێككەوتنی ستراتیجی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدات.

ڕێككەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوای ڕووخانی بەعس لە 2003 لە نێوان هەردوو حزب بەسترا و  ڕێككەوتنەكە بریتیی بوو لە هاوپەیمانی نێوان هەردوو حزب بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یەكهەڵوێستی بەرانبەر بەغدا، ڕِێككەوتنی ستراتیجی تا ساڵی 2013 لەلایەن هەردوو حزبەوە كاری پێ كرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی تەمووز/ یۆلیۆ، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بە هیچ شێوەیەك باسی نوێكردنەوە یان بەستنی ڕێككەوتنێكی تری ستراتیجی نێوان ئەو دوو حزبە نەكراوە.

زیاتر گوتی، ڕاستە پارتی و یەكێتی لەم قۆناغەدا هاوهەڵوێستن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بەوەی ڕێككەوتنی ستراتیجی ببەستن.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیشی گوت، كە دەنگۆی بەستنی ڕێككەوتن لەو هاوئاهەنگییەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە نێوان هەردوو حزبەكەدا هەیە، بۆیە ئەگەر هەڵوێستەكان بەمشێوەیە بێننەوە بۆ كورد گرنگە.

لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق هاوئاهەنگی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر بوو بەتایبەت لە سەردانی چوونی شاندەكانیان بۆ بەغدا. پارتی دەیەوێ‌ تەواوی حزبەكان بێنە ناو ئەو هاوئاهەنگییەوە تا كورد باشتر مافەكانی لە بەغدا بەدەست بهێنێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم