نرخی نەوت دوای سێ هەفتە هەڵكشا

:: AM:09:23:28/07/2018 ‌


بۆ سێ هەفتەی لە دوای یەك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دابەزی، بەڵام هەفتەی رابردوو بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەفتەبازاڕی بۆڕسەی نەوت كۆتایی پێ هات.

لە سێ هەفتەی پێشتر نرخی نەوتی برێنت لە نزیكەی 80 دۆلارەوە دابەزی بۆ 72 دۆلار و 80 سەنت، بەڵام هەفتەی رابردوو لەم نرخەوە بەرز بووەوە بۆ 74 دۆلار و 33 سەنت.

هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە دوای دوو هەفتە دابەزینی نرخ، بەرزبوونەوەی تۆمار كرد و لە 68 دۆلارەوە بەرز بووەوە بۆ نزیكەی 69 دۆلار.

بە گوێرەی DAILYFX هەفتەی رابردوو جگە لە دوێنێ هەینی و دووشەم كە نرخی نەوت كەمێك دابەزی، لە رۆژەكانی تر بەرزبوونەوە تۆمار كرا و دواجار بازاڕی هەفتەكە بە هەڵكشانی نرخ داخرا.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەو ماوەیەدا بۆ لێدوانە توندەكانی ئەمەریكا و ئێران دژی یەكتر دەگەڕێتەوە. ئەمەریكا هەڕەشەی لە ئێران كردووە هەناردەی نەوتەكەی دەگەیەنێتە سفر و ئەمەش لە دابینكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی دنیا بۆشایی دەهێنێتە كایەوە.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە رووداوە ئابووری و سیاسییەكان و هەر جۆرە كاریگەرییەك بۆ سەر ئاستی خستنەڕوو و داخوازی لە بازاڕەكە، نرخەكەشی بەرز یان نزم دەكاتەوە.

پێشتر گرووپی G20 لە ئەگەری پاشەكشەی ئابووری دنیا لە داهاتوودا هۆشداری دابوو، بۆیە لە ژێر كاریگەری ئەم مەترسییانە و ئەگەری دابەزینی داخوازی لەسەر نەوت، نرخی ئەم كاڵا گرنگە رووی لە دابەزین كردبوو.





وشە - سلێمان تاشان