هەوادارانی ریال مەدرید بۆ شوێنی رۆناڵدۆ داوای ئەم ئەستێرەیان كردووە

:: AM:09:27:28/07/2018 ‌

هەوادارانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە رێگەی راپرسییەكەوە ئەو ئەستێرەیان دیاری كرد بۆ پڕكردنەوەی شوێنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و ئەستێرەی پێشووی یانەكەیان.

رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی جیهان و گۆڵكاری مێژوویی یانەی ریال مەدرید ماوەیەك پێش ئێستا دوای 9 ساڵ یاریكردن ریزی یانەكەی جێهێشت و بە بەهای 112 ملیۆن یۆرۆ چووە ریزی یانەی یۆڤانتۆس و خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید راپرسییەكی لەنێو هەوادارانی یانەكە ئەنجام دا بۆ دیاریكردنی باشترین شوێنگرەوە بۆ رۆناڵدۆ لە یارییەكانی وەرزی داهاتوودا.

لە راپرسییەكەدا زۆرینەی هەوادارانی یانەی ریال مەدرید پێیان باشبوو یانەكەیان بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام و هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا بكات.

رۆژنامەی ماركا لە راپرسییەكەدا ناوی چەند ئەستێرەیەكی تۆپی پێی جیهانی بۆ شوێنی رۆناڵدۆ دیاری كردبوو كە ئەوانیش برێتی بوون لە هاری كین، ماورۆ ئیكاردی، ئەدینسۆن كاڤانی، رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی، كیلیان مباپێ و نیمار دا سیلڤا.

كین لە راپرسییەكەی هەوادارانی یانەی شاهانەدا كە ژمارەیان 200 هەزار كەس بوو زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو كە 26%ی كۆی گشتی بوو و پێش ئەستێرەكان نیمار و مباپێ كەوتبووەوە.

هەر لە راپرسییەكەدا كاڤانی و ئیكاردی 14%ی دەنگەكانیان بەدەستهێنابوو، رۆبەرت لیڤاندۆفیسكیش 12%ی دەنگەكان و دوای ئەوانیش نیمار و مباپێ هاتبوون.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م