پەیەدە بە خۆڕایی ڕۆژئاوای كوردستان بە ئەسەد دەداتەوە

:: AM:09:45:28/07/2018 ‌
بەرپرسانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان، چوونی شاندێكی بۆ دیمەشق ڕادەگەیەنن، بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بە ئامانجی ڕادەستكردنەوەی تەواوی ناوچەكانی ژێردەستی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە سوپای ئەسەد، بەمەیش ئەزموونی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ خاڵی سفر دەگەڕێتەوە و سەرجەم ناوچەكان دەكەونەوە ژێر حوكمی بەشار ئەسەد.

ڕیاز درار هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات ڕای گەیاند، شاندێكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لەسەر داوای حكوومەتی دیمەشق، بۆ یەكەمجار سەردانی دیمەشقی پایتەخت دەكەن، لەگەڵ حكوومەت دانوستاندن دەكەین، بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەرێكی هاوبەش بۆ دۆخی باكوری سووریا.

زیاتر گوتی، هیچ مەرجێكی پێشینەمان نییە بۆ چوونە ناو دانوستان، بە ئومێدین دۆخەكە بە ئەرێنی بشكێتەوە و گفتوگۆكان بەرهەمی باشیان هەبێت.

سەرچاوەكان لە سووریاوە بە ڕۆژنامەی "قودس"ی عەرەبییان ڕاگەیاندووە، هێزەكانی پەیەدە و سووریای دیموكرات دەسەڵاتدارانی دیمەشقیان ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەیی تەواویان هەیە لە سەرجەم ناوچەكان پاشەكشە بكەن و شار و شارۆكەكان ڕادەستی هێزەكانی سوپای ئەسەد بكەن.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، وەك سەرەتایەك لە ئەنجامی ماراسۆنی دانوستاندنەكان، هێزەكانی كورد ڕەقە و بەشێكی فرەوانی حەسەكەیان بە هێزەكانی ئەسەد داوە، دیمەشقیش پێشوازی لەو هەنگاوە دەكات كە بێ ئەوەی هیچ شەڕ و خوێنڕێژییەك ڕوو بدات، ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشوور دەخاتەوە ژێر ڕكێفی خۆی.

لە 2011 دوای دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان لە سووریا لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبی، ناوچەكانی باكوری سووریا لەلایەن هێزەكانی پەیەدەوە كۆنتڕۆڵ كران، پاش ئەوەی سوپای ئەسەد بۆ پاراستنی دیمەشق پاشەكشەیان لە ناوچەكە كرد، پەیەدە سیستەمی كانتۆن و خۆسەری دیموكراتی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند، بەڵام ئێستە بێ هیچ دەسكەوتێك ناوچەكان ڕادەستی ئەسەد دەكاتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د