بەرپرسێكی باڵای حەشدی شەعبی لە كەركووك كوژرا

:: AM:10:15:28/07/2018 ‌
شەوی ڕابردوو بەرپرسێكی باڵای حەشدی شەعبی لە شاری كەركووك كوژرا كە تا ئێستە نازانرێت كێ‌ كوشتوویەتی، بەڵام شوێنەواری نۆ فیشەكی بە جەستەیەوە بووە.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ئەحمەد شەعبان بەرپرسی ڕاگەیاندنی ناوەندی چارەسەری خێرا لە نەخۆشخانەكانی كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ‌ تەرمی بەرپرسێكی حەشدی شەعبی هێنرایە نەخۆشخانەی ئازادی بەشی فریاكەوتنی خێرا.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی چارەسەری خێرا گوتی، تەرمەكە دوای توێكاری، ڕادەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی كراوەتەوە و شوێنەواری نۆ فیشەكی پێوە بووە، بەگوتەی كەسانی نزیكی لە گەڕەكی (دور سكك)ـی شاری كەركووك كوژراوە.

ئاماژەی دا، ئەو كەسە كوژراوە ناوی "عبدلزەهرە جەلیل"ە و بەرپرسی هەواڵگری گرووپی (عەسائیب ئەهلی ئەلحەق) بووە، لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوە كوژراوە و تەرمەكەی هێنراوە بۆ نەخۆشخانە، واتا كاتێك هێناویانە گیانی لە دەست دابوو.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوای خیانەتی گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، دەستیان گرتووە بەسەر كەركووك و ناوچەی كێشە لەسەرەكان، بەو هۆیەوە ڕۆژانە كردەی كوشتن و خۆكوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتی لە شارەكە ڕوو دەدەن.



وشە - رامیار جەواد