پەرلەمانی نوێ چارەنووسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن یەكلا دەكاتەوە

:: AM:10:23:28/07/2018 ‌
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بووە بارێكی گران و تەنگژەیەكی تری ئەو وڵاتە كە پێ دەچێت حكوومەتی نوێ هاوشێوەی حكوومەتەكانی پێش خۆی، لەدایكبوونێكی زۆر بە ژانی هەبێت، ئەمجارەیان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە سەرپەرشتی پرۆسەكەی كرد، خۆیشی لێی دەرنەچوو، بۆیە تا ئێستە چارەنووسی نادیارە بۆ داهاتوو.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوە چوو، بەم دوایییە لەیس جەبر گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە، كۆمسیۆن ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكانی لە پارێزگاكان رانەگەیاندووە و ئەوەی بڵاو دەكرێتەوە راست نییە.
لە شەشی حوزەیرانی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای سێیەم هەمواری یاسای هەڵبژادنەكانی عێراق دا و بڕیاری سڕكردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دانانی نۆ دادوەر بۆ سەرپەرشتیكردنی كارەكانی كۆمسیۆن لە داهاتوو دا و لە 21ی هەمان مانگ دادگای فیدراڵ ئەو پڕۆژەیاسایەی پەسند كرد. بەڵام تا ئێستە روون نییە دوای تەواوبوونی ئەركی دادوەرەكان كۆمسیۆن دەست بەكار دەبێتەوە، یان پەرلەمانی نوێ كۆمسیۆنێكی تر هەڵدەبژێرێ.
تاریق حەرب شارەزای یاسایی عێراق بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، بەپێی پڕۆژەیاسای سێیەم هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كارەكانی بەكۆتا هاتووە و ئێستە ئەوان تەنیا فەرمانبەری ئاسایین، چونكە سیفەتی ئەوان وەك كۆمسیار لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆتایی هاتووە. 
"هەرچی كۆمسیارانی ئێستەن كە بریتین لەو دادوەرانەی بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكان راسپێردراون، تا كۆتاهاتنی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان كار دەكەن، چونكە پرۆسەی هەڵبژاردن نامێنێت و پێویست بە كاری كۆمسیۆن ناكات، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش لە كۆتایی ئەمساڵ، دەتوانرێت ماوەی كاركردنی ئەو دادوەرانە درێژ بكرێتەوە یان بۆ ئەنجوومەنی دادوەری دەگەڕێنەوە و دادوەری نوێ بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەكە دابین بكەن كە یاسای رێگر نییە لە دابینكردنی دادوەری نوێ" حەرب وای گوت.
هاوكات لەگەڵ خۆپێشاندانی جەماوەری كە لە عێراق هەیە، چاودێران پێیان وایە كۆمسیۆن ترسی لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دوای بەراوردكردنی ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنی و دەستی دەنگەكان هەیە، هەندێكیش باس لە دواخستنی راگەیاندنی ئەنجامەكان دەكەن تا كاتی گەیشتنی حزبەكان بە رێككەوتن.
حەرب لەوبارەوە گوتی، ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن ماوە، سەرەتا تەواوكردنی پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستییە و دوای ئەوە قۆناغی سكاڵا و دوای ئەویش قۆناغی تانەدان و دواتر پەسندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن دادگای فیدراڵەوە، دوای ئەویش فەرمانی كۆماری بۆ بانگەشەكردن بۆ دانیشتن و سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و سوێندخواردنی یاسایی، پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگری پەرلەمان، ئینجا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە ئەو كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەوەیش پێویستی بەكاتە و پێشبینی دەكرێت دوای مانگی 10 حكوومەت پێك بێ.
لەبارەی كاریگەری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ سەر ناڕەزایەتییەكانی شەقام، ئەو شارەزا یاساییە دەڵێ، خۆپێشاندانەكان سیاسی نین، بەڵام روویان لە سیاسییەكانە و داوای باشكردنی خزمەتگوزاریی دەكەن، واتە لایەنی ئابووری و دوور لە لایەنی سیاسی و خۆپێشاندانەكان هیچ پێوەندییەكیان بە هەڵبژاردنەوە نییە، چونكە هیچ دروشمێك لە دژی هەڵبژاردنی تیادا نەبوو. 
عێراق وەك دەوڵەتی سەروەریی زۆر لاواز بووە و بەردەوام بەرپرسانیشی نایشارنەوە كە بەرژەوەندی وڵاتان لەم گۆڕەپانەدا تەراتێن دەكات.
ئەمین بەكر پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەكار خراوە تا كاتی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان تەواو دەبێت و دوای تەواوبوونی پرۆسەكەیش ئەگەر پەرلەمانی نوێ پێك هات، ئەو بڕیار لەسەر چارەنووسی كۆمسیۆن دەدات كە دەمێنێتەوە یان نا، چونكە ئەو كۆمسیۆنە متمانەی خۆی لە دەست داوە و پێویستە رێوشوێنی لەگەڵدا وەربگیرێت و متمانەی لێ وەربگیرێتەوە و لەكار لابدرێت، بەهۆی ئەوەی سەلمێنرا ساختەكاری كراوە.
بەرپرس و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق نایانەوێت هیچ لێدوانێك لەبارەی هەڵبژاردن و چارەنووسی كۆمسیۆن بدەن یان لێیان قەدەغە كراوە، لەو كاتەی سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوە كرد، چارەنووسی كۆمسیۆن دیار نییە و هەرچی دادوەرانی سەرپەرشتیاری پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانیشن، دوای پەسندكردنی ئەنجامی ژماردنەوەی بەدەست لەلایەن دادگای فیدراڵەوە، كاریان تەواو دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سیفەتی پێشوویان نەماوە و لەكار كەوتوون، سەرەڕای ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە پاكترین بووە لە عێراق و ناتوانرێت بێ شكاندی یاسا كۆمسیۆن بدرێتە دادگا، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش ئەگەر ئەو كۆمسیۆنە كارا نەكرێتەوە، ئەوە دەتوانرێت داوەری نوێی بۆ دابین بكرێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل