ئەمڕۆ شاندێكی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا

:: AM:10:43:28/07/2018 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ڕێكارە تەناهییەكان بۆ كردنەوەی ڕێی هەولێر- كەركووك كە هەفتەی ڕابردوو ڕێككەوتنی سەرەتایی لەسەر كرابوو.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لیوا عەبودلخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەمەبەستی كردنەوەی ڕێی هەولێر – كەركووك سەردانی شاری بەغدا دەكەین.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی، مەبەست لە چوونی شاندەكە بۆ تەواوكاری ڕێكارە تەناهییەكانە كە تەواو بكرێت و ڕێیەكە بكرێتەوە بەڕووی شوفێران.

هەفتەی ڕابردوو ڕێككەوتنی سەرەتایی واژوو كرا لە نێوان بەرپرسانی هەولێر و بەرپرسانی عێراق لە شاری كەركووك بۆ كردنەوەی ڕێیەكە كە لە 15ـی ئاب بەشێوەی كاتی دەكرێتەوە و ئەو شوێنانەی شكاون لە پردی شارۆكەی پردێ‌، بە هاوبەشی چاك دەكرێنەوە.

لەدوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی باڵێكی سەربازیی یەكێتی، بەشێكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان كەوتە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ڕێی هەولێر- كەركووك لەوكاتەوە داخراوە، دوای ئەوەی پێشمەرگەی كوردستان داستانی پردێی لەو شوێنە تۆمار كرد و هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی خستە سەر ئەژنۆ و تانكی ئەبرامزی ئەمەریكی تێكشكاند.

شارۆكەی پردێ بە دووری 40 كیلۆمەتر لە شاری كەركووك دوورە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە كەركووكە و لە ڕۆژائاوایەوە شارۆكەی مەخموورە، زەویی كشتوكاڵی ئەم شارۆكەیە (100) هەزار دۆنم دەبێت و 65 گوند لە خۆ دەگرێت. 



وشە - رامیار جەواد