رۆناڵدۆ چۆن خۆی لە زیندانەكانی ئیسپانیا رزگار كرد؟

:: AM:11:00:28/07/2018 ‌

هەرچەندە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی پەیوەندی بە خولی تۆپی پێی ئیتاڵیاوە كردووە، بەڵام بەشێوەی ئیجباری پەیوەندی بە ئیسپانیاوە مابوو بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ باج و داگای ئەو وڵاتەوە.

دوێنێ هەینی داواكاری گشتی ئیسپانیا دوایین فەرمانی دادگای وڵاتەكەی سەبارەت بە رۆناڵدۆ راگەیاند كە سزای قەرەبووكردنەوەی 3.2 ملیۆن یۆرۆ و لەگەڵ دەستگیركردن بۆ ماوەی 24 مانگە، بەڵام بەهۆی چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باج فەرمانی دەستگیركردنەكەی راگیراوە.

رۆناڵدۆ /33 ساڵ/ پێشتر لەلایەن فەرمانگەی باجی شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیاوە بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە بەهای 5.7 ملیۆن یۆرۆ درابووە دادگا.

دوای دووساڵ لەبەردەوامی كێشەكان، رۆناڵدۆ دوێنێ هەینی سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ دادگای ئیسپانیا و باجی ئەو وڵاتە بڕاندەوە و بەیەكجاری دەستبەرداری ئەم وڵاتە بوو دوای جێهێشتنی یانەی ریال مەدریدیش چیتر روو لەم وڵاتە ناكاتەوە.

رۆناڵدۆ چۆن كێشەی باج و دادگای ئیسپانیای چارەسەر كرد؟

رۆناڵدۆ جگە لە پێدانی 5.7 ملیۆن یۆرۆكە هەروەها 2 ملیۆن یۆرۆی تریشی دا بە باجی ئیسپانیا لەبەرامبەر دواكەوتنی خەرجكردنی پارەكە، جگە لەوەش بڕی 3.2 ملیۆن یۆرۆی تریشی دا بە دادگای ئیسپانیا وەك خەرجی و مەسروفاتەكانی دۆسییەكە.

دادگا هەروەها لەبەرامبەر لێخۆشبوون لە فەرمانی دەستگیكردنی 24 مانگەكە و بە پشتبەستن بە بڕگەیەكی یاسای ئیسپانیا لەبەر ئەوەی رۆناڵدۆ هیچ مەلەفێكی تاوانی لە ئیسپانیا نەبووە فەرمانی دەستگیركردنەكەی راگیراوە، بەڵام لەبەرامبەردا رۆناڵدۆ دەبێت بۆ هەر رۆژێكی لێخۆشبوونەكە 250 یۆرۆ بدات بۆ ماوەی 2 ساڵی تەواو.

واتە بەشێویەكی گشتی رۆناڵدۆ لەبەرامبەر رزگاربوون لە باج و دادگای ئیسپانیا بڕی 19 ملیۆن یۆرۆی كاشی داوەتە ئەم وڵاتە.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانیش یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە یانەی ریال مەدرید بۆ یانەی یۆڤێنتۆس، ئەم كێشە و گرفتە بەردەوامانەی بوو لەگەڵ فەرمانگەكانی باج و دادگای ئیسپانیا، جگە لەوەش رۆناڵدۆ پێیوابوو یانەی شاهانە وەك پێویست لە چارەسەركردنی ئەم كێشانە هاوكاری نەكردووە و بەتایبەتیش فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە.
 





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م