عەلاوی: ده‌بێ خۆپێشانده‌رانیش به‌شداری له‌ حكوومه‌تی نوێ بكه‌ن

:: AM:11:39:28/07/2018 ‌
سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی ئەمڕۆ شەموو پێشنیازێكی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو خستە ڕوو، كە لەسەر بنەمای بەشبەشێنە نەبێ و حەشدی شەعبیش بخاتە ڕیزی پۆلیس و سوپاوە.

لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی ئەیاد عەلاوی هاتووە، پێشتریش چەندان جار دووپاتمان لەوە كردەوە، عێراق بە دۆخێكی ترسناك تێپەڕ دەبێ و ئێستە و داهاتووی لە ژێر هەڕەشەیدایە، ئەمەیش پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرایە، بەجۆرێك بەرژەوەندی وڵات لەسەری بەرژەوەندییەكانی ترەوە بێ.

ئاماژەی داوە، پێویستە گۆڕانی گەورە لە پرۆسەی سیاسی ئەنجام بدرێ و دەربچین لە بەشبەشێنەی پۆستەكانی حكوومەت، لەو چوارچێوەیە دووبارە هۆشداری لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەدەین لەسەر بنەمای حكوومەتەكانی پێشوو، ئەمەیش چارەسەری پێویست نییە، چونكە بەمشێوەیە ڕیشەی كێشەكان چارەسەر ناكرێ، بەڵكو گرفتەكان زیاتر دەبن.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی عەلاوی هاتووە، پێویستە حكوومەتێك لە سەركردە سیاسییەكان و نوێنەرانی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە پێك بهێنرێ كە ئێستە لە گۆڕەپانی عێراقن، دوور بكەوینەوە لەو گاڵتەجاڕییەی بەناوی هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام درا، بۆیە خۆپێشاندەران و سوپا و حەشد و عەرەب و كورد و توركمان و پێكهاتەكانی تر سەرجەمیان ڕۆڵەی عێراقن و جۆراوجۆری پێكهاتەكان نیشانەی بەهێزی وڵاتەكەیە، بۆیە دەبێ هەمووان بەشدار بن لە پرۆسەكە.

لە ئێستەوە پێویستە ئەو ململانێیە و بەكارهێنان و دژایەتیكردنی یەكتر بوەستێنرێ و سەرجەم بەرەكان یەكبخرێن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان بەیەكدەنگی و مسۆگەركردنی داهاتوویەكی ڕۆشن بۆ ئێستە و نەوەكانی داهاتوومان، ئەمەیش بە دامەزراندنی دەوڵەتی هاووڵاتی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەكسانی دەبێ، نەك لە ڕێی دەوڵەتی مەزەو و پێكهاتەكان.

ئەو داوایەی عەلاوی لە كاتێكدایە، هەوڵەكان ئێستە چڕ بوونەتەوە بۆ پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی و فراكسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەلەكردن لە ڕاگەیاندنی حكوومەتی نوێی عێراق.



وشە - باز ئه‌حمه‌د