كۆمسیۆن تۆماری ئۆنلاینی دەنگدەران بڵاو دەكاتەوە

:: AM:11:49:28/07/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵەكانیان دڵنیا ببنەوە لە ناوەكانیان و ناوی خۆیان لە بنكەكان بدۆزنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تەمووز/ یۆلیۆ، شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشی تەكنیكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لاپەڕەیەكی تایبەتی كردووەتەوە بە دۆزینەوەی ناوی هاووڵاتییان.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان گوتی، لەو لاپەڕەیە هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێی ژمارەی فۆڕمی خۆراك و ناو و ساڵی لە دایكبوون، ناوەكانیان بدۆزنەوە لە چ بنكەیەك ناویان هەیە بۆ ڕۆژی دەنگدان.

ئاماژەی دا، هەر هاووڵاتییەك ناوی نەبوو، دەبێت سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكات بۆ ئەوەی تۆمار بكرێتەوە.

كلیك لێرە بكە بۆ دۆزینەوەی ناوەكەت.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.



وشە - رامیار جەواد