دوایین كتێب له باره‌ى ئۆپراسیۆنه‌كانى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئیسرائیل ناسراو به "مۆساد" بڵاو كراوه‌ته‌وه، له به‌شێكیدا هاتووه سه‌یرترین ئۆپراسیۆنى مۆساد ئه‌وه‌بوو كه سه‌رسه‌خترین نه‌یارى ئیسرائیلى به هه‌ویرى ددان شووشتن كوشتووه.
ڕۆژنامه‌ى "ده‌یلى مایلى" به‌ریتانى راپۆرتێكى له‌باره‌ى دوایین كتێب نووسیوه كه له‌سه‌ر مۆسادى ئیسرائیلى بڵاو كراوه‌ته‌وه و نووسه‌رى كتێبه‌كه‌ش رۆنین بێرگمانه.
ڕۆژنامه‌كه چه‌ند بڕگه‌یه‌كى له كتێبه‌كه وه‌رگرتووه و تێیدا هاتووه له 10 ساڵى رابردوودا، مۆساد 800 ئۆپراسیۆنى كوشتنى ئه‌نجام داوه، سیخوڕه‌كانى به "شێوازى هۆڵیوودى" كاره‌كانیان ئه‌نجام داوه.
دیاره له كتێبه‌كه‌دا چه‌ندان نموونه هه‌ن كه شێوازه سه‌یر و نامۆكانى دیارده‌ى كوشتنى نه‌یارانى ئیسرائیل ده‌رده‌خات له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌زگایه‌وه.
پێگه‌ى
سكاى نیوزى عه‌ره‌بى دوو نموونه‌ى له‌م رۆژنامه‌یه وه‌رگرتووه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه گه‌وره‌ترین ئۆپراسیۆن به "هه‌ویرى ددان شووشتن" ئه‌نجام دراوه و دووه‌میش "به خه‌واندنى موگناتیسى بووه".
ئۆپراسیۆنى یه‌كه‌م له دژى وه‌دیع حه‌داد بووه، ئه‌و پیاوه دامه‌زرێنه‌رى به‌ره‌ى میلى رزگاركردنى فه‌له‌ستین بووه، جارێكیان هه‌وڵى رفاندنى فڕۆكه‌یه‌كى ئیسرائیلى داوه كه له ته‌لئه‌بیبه‌وه به‌ره‌و پاریس رۆیشتووه. حه‌داد به یه‌كێك له نه‌یاره سه‌رسه‌خته‌كانى ئیسرائیل دانراوه، بۆیه چه‌ندان جار هه‌وڵى كوشتنى دراوه.
دواجار له ساڵى 1978، یه‌كێك له سیخوڕه‌كانى ئیسرائیل نزیك له حه‌داد هه‌ویرى ددان شوشتنهكهى ده‌گۆڕێت، جۆرێكى تایبه‌ت تێكه‌ڵكراو به ژه‌هرى بۆ داده‌نێ كه له‌لایه‌ن مۆساده‌وه ئاماده كراوه، له ئه‌نجامدا رۆژ له دواى رۆژ ژه‌هر له‌گه‌ڵ ددان شووشتن ژه‌هر تێكه‌ڵ به خوێنى ده‌بێت، تا هاوڕییهكانى وه‌دیع پێوه‌ندى به پۆلیسى نهێنى ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن، ده‌رده‌كه‌وێت ژه‌هراوى كراوه و دواتر گیان له‌ده‌ست ده‌دات و ته‌لئه‌بیبیش به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى ئۆپراسیۆنه‌كه ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت.
ئۆپراسیۆنى دووه‌م به "خه‌واندنى موگناتیسى" له دژى یاسر عه‌ره‌فات ئه‌نجام دراوه، پزیشكێكى سوێدى كه به‌كرێگیراوى مۆساد بووه، راهێنان له‌سه‌ر گیراوێكى فه‌له‌ستینى ده‌كات و ماوه‌ى چه‌ند مانگێك به خه‌واندنى موگناتیسى راهێنانى له‌سه‌ر ده‌كات، له‌كاتى خه‌واندن ئه‌وه‌ى پێى دووباره ده‌كاته‌وه "عه‌ره‌فات گه‌نده‌ڵه ده‌بێت له‌ناو ببرێت". دواى ته‌واوبوونى راهێنانه‌كه مۆساد ئه‌و گیراوه له گرتووخانه ده‌ڕفێنرێت و بۆ كوشتنى عه‌ره‌فات ره‌وانى ده‌كات، كه‌چى ئه‌و كه‌سه خۆى راده‌ستى پۆلیس ده‌كات و نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كێك له شكسته‌كانى مۆساد داده‌نرێت.