دوژمنه‌كه‌ی كورد گه‌نده‌ڵه‌ و به‌ ملیۆنان دۆلار ته‌له‌ڤزیۆنێك ده‌كڕێته‌وه‌

:: PM:02:05:28/07/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی لەندەنی ئاشكرای كرد، كاندیدی شكستخواردووی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری پێشوو حەنان فەتلاوی، بە پارەیەكی زۆر پشكێكی گەورەی كەناڵی "ئاسیا"ی كڕیوەتەوە، كە خاوەندارییەكەی بۆ حزبی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتی ئاراس كەریم دەگەڕێتەوە.

ڕۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە ئاراس كەریمی سەرۆكی حزبی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق تووشی تەنگژەیەكی گەورەی دارایی بووە، "بانكی بیلاد ئیسلامی" كە خاوەندارییەتی بۆ ئاراس دەگەڕێتەوە، خراوەتە لیستی ئەو شوێنانەی كە بە تیرۆر تێوەگلاون و پێوەندییان لەگەڵ پاسدارانی ئێرانی هەیە، بۆیە تەواوی پارەكانی بلۆك كراوە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەمەیش ئاراس حەبیب تووشی تەنگژەی دارایی بووە، ناچار بووە كەناڵی ئاسیای ئاسمانی بفرۆشێت و بە دوای كڕیارێك گەڕاوە، لە بەرانبەردا حەنان فەتلاوی پەرلەمانتاری پێشوو بڕی سێ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی كە دەكاتە 3.6 ملیار دیناری عێراقی بە ئاراس كەریم داوە و پشكی گەورەی كەناڵەكەی لێ كڕیوەتەوە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، فەتلاوی شكستی هێنا لە پاراستنی كورسییەكەی لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە دوای كڕینەوەی بەشی زۆری كەناڵەكە، میدیاكارێكی نزیك لە خۆی كردووەتە بەڕێوەبەری كەناڵەكە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی بۆ بهێنێتە دی.

حەنان فەتلاوی یەكێكە لە پەرلەمانتارەكانی پێشووی شیعە و دژایەتی سەرسەختی هەرێمی كوردستانی دەكرد، لە هەڵبژاردنی 2018 تووشی شكستێكی گەورە بوو و بڕیارە بكرێتە پارێزگاری بابل، بەڵام تا ئێستە ئەوە یەكلا نەبووەتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د