كۆمپانیایەكی گەورەی تری فڕەنسی لە ئێران دەكشێتەوە

:: PM:02:32:28/07/2018 ‌

كۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازی رێنۆ ئاشكرای كرد، دەیەوێت كۆتایی بە چالاكییەكانی لە ئێران بهێنێت. ئەو كۆمپانیا فڕەنسییە هۆكاری كشانەوەی خۆی لە ئێران بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، تەنانەت ئەو وڵاتانەش كە خوازیاری درێژەدانن بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران، خزمەتگوزاری بانكی و دڵنیایی بۆ چالاكییەكانیان پێشكەش ناكەن.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" تیری بولور بەڕێوەبەری جێبەجێكردنی كۆمپانیاكە بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، هۆكاری كشانەوەیان پێوەندی بە سزاكانی ئەمەریكاوە و هەیە، بۆیە بەدوای بازاڕێكدا دەگەڕێن سەقامگیر و بێ كێشە بێت بە تایبەت لە ئەفریقا بۆ ئەوەی قەرەبووی لەدەستدانی ئەو دەرفەتەیان لە ئێران بكەنەوە.

دوای رێككەوتنی ناوككیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك لە ساڵی 2015، بە خێرایی كۆمپانیاكانی رۆژئاوا روویان لە ئێران كردەوە و هێشتا ساڵێك تێنەپەڕی كە ئاستی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و رۆژئاوا گەیشتە سەرووی 10 ملیار دۆلار.

رێنۆ كە لە 2003ەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران كردووە ساڵی رابردوو گرێبەستێكی لەگەڵ ئێراندا واژوو كرد كە بەگوێرەی گرێبەستەكە ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی 75٪ بەرز دەكاتەوە، بەڵام ئەم گرێبەستە هەرگیز جێبەجێ نەكرا.

جگە لە رێنۆ، هەریەك لە ئەیرباس، پێژۆ و تۆتاڵی فڕەنسی چالاكییەكانی خۆیان لە ئێران هەڵپەساردووە، هاوكات دەیان كۆمپانیای تری ئەوروپی و رۆژئاوایی لە ئێران كشاونەتەوە و ئەمەش كاریگەریی بەرچاوی خستووەتە سەر چالاكییە بازرگانییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتان.




وشە - سلێمان تاشان