سەركردەیەكی شیعە دووپاتی كردەوە، بەهۆی ساختەكاری و گەندەڵی حزبەكانی دەسەڵات لە عێراق، گەل ئومێدی بە پرۆسەی سیاسی نەماوە و حكوومەتی نوێی عێراقیش هیچ شەرعیەتێكی لەلایەن گەلەوە نابێت.
رەحیم دەراجی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاشكرای كرد، حكوومەتی داهاتووی عێراق شەرعیەتی نابێ، بەهۆی ئەو ساختەكارییە فرەوانەی كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ ئەنجام درا.
دەراجی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی گوتی، حزبەكانی دەسەڵات دەبێ بەرپرسیاریەتی ئەو ناڕەزایەتییەی شەقامی عێراقی بگرنە ئەستۆ، كاتێك سەرپێچی لە دەستووری عێراق دەكەن و بە بەرنامە ساختەكارییان ئەنجام دا و بە تەواویش خەڵكیان لە پرۆسەی سیاسی نائومێد كرد.
زیاتر گوتی، گەلی عێراق ویست و خواستی لەسەر كۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە هەیە كە حزبەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دایانمەزراندووە، چونكە دەوڵەت بەو حزبە سیاسییە گەندەڵانە بەڕێوە ناچێت.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بەهۆی ساختەكاری هەڵبژاردن حكوومەتی داهاتووی عێراق هیچ شەرعیەتێكی نابێ، چونكە لەلایەن گەلەوە نەهاتووەتە هەڵبژاردن، پەرلەمانیش نوێنەرایەتی گەل ناكات، خەڵكی عێراقیش زیاتر تووڕە دەكات لە دەسەڵاتدانان و سیستەمی سیاسی.
ئەو قسانەی پەرلەمانتارەكەی پێشووی عێراق لە كاتێكدایە هەوڵەكانی لایەنە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق چڕ كراوەتەوە، بۆ ئەوەی بەر لە تەواوبوونی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان، ڕێككەوتنی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن و دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.