بەرپرسێكی یەكێتی: عەرەبە بەعسییەكان بەلێشاو لە گوڵاڵە نیشتەجێ دەكرێن

:: PM:02:50:28/07/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، لە گوڵاڵە ئەندامانی هۆزی كەرەوی عەرەب بە فەرمانی پارێزگای دیالە بە فرەوانی دەستیان بە دروستكردنی خانووی زێدەڕۆ لەسەر زەوی حكوومەت كردووە. ئەمە بە هەڵمەتێكی تری بە عەرەبكردن دادەنرێ لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە.

بەشیر عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی گوڵاڵە "جەلەولا" لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوبارەوە بۆ "وشە" گوتی، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو زیاتر لە 200 خانوو و ڤێلایان لەسەر زەوی حكوومەت بەشێوەی زێدەڕۆ دروست كردووە و هیچ كەسێكیش بوێری ئەوەی نییە، ڕێیان لێ بگرێ و بە قسەیش ئاگاداریان بكاتەوە.

ئاماژەی دا، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەن، موسەننا عەلی پارێزگای دیالە كارئاسانی بۆ كەرەوییەكان كردووە و فەرمانی پێ كردوون دەست بەو هەڵمەتەی دروستكردنی خانووی زێدەڕۆ بكەن.

خەلیل عەبدولكەریم نوێنەری ئاوارەكانی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی بێهێزی پێگەی كورد لە ناوچەكە و گرتنی بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە، ئەندامانی هۆزی كەرەوی عەرەبی سوننە كە پێشتر بەعسی بوون و دواتر بوونە داعش و ئێستەیش لە ناوچەكە باڵادەستن، هەڵمەتێكی فرەوانی دروستكردنی خانووی زێدەڕۆیان لەسەر زەوی حكوومەت دەست پێ كردووە.

كەرەوییەكان هۆزێكی عەرەبی سوننەی هاوردەن، پێشتر لە سەردەمی بەعس لە چوارچێوەی پرۆسەی بە عەرەبكردن هێنرانە جەلەولا، دوای ڕزگاری عێراق بوونە هاوكاری ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە عێراق و پاشان پشتیوانی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان كرد و دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش بوونە داردەستی میلیشیاكان و شیعەكان، ئێستە لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی دیالە باڵادەستن.

لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی لە بەرانبەر بە قاچاغبردنی نەوتی كەركووك، فەرمانی پاشەكشەیان بە پێشمەرگە دا و كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكان كرد، بەوهۆیەوە خەڵكی كورد لە كەركووك و خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە و سەڵاحەدین تووشی گرتن و كوشتن و ڕەشبگیری و تاڵانی زۆر بوونەتەوە و تا ئێستەیش پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی.




وشە - باز ئه‌حمه‌د