پرۆژەی ڕیسایکڵینی سلێمانی دوای پێنج ساڵ هێشتا جێبەجی نەکراوە

:: PM:10:19:28/07/2018 ‌
پرۆژەیەکی ڕیسایکڵین لە شاری سلێمانی دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەریدا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێ کردنی نەنراوە.

پێنج ساڵ بەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەکدا تێدەپەڕێت کە بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی ڕیسایكڵین لە نێوان پارێزگای سلێمانی و دوو کۆمپانیادا ئەنجامدرابوو، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە نەنراوە.

ڕزگار ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی، بە وشەی ڕاگەیاند، لە ڕۆژانی ئاساییدا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ١٢٠٠ تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە لە بۆنە ئاینی و نەتەوەییەکاندا بەهۆی هاتنی ڕێژەیەکی زۆری گەشتیارەوە قەبارەی زبڵ زیاد دەکات بۆ ١٢٥٠ تاوەکو ١٣٠٠ تۆن.

بۆ پاکڕاگرتنی شاری سلێمانی کۆمپانیاکان و شارەوانیش لە هەوڵدان بە جۆرێک کە ٧٥٪ی شاری سلێمانی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە پاک دەکرێتەوە و٢٥٪-ەکەی دیکەش شارەوانی خۆی پاکی دەکاتەوە، کە هەر چوار کۆمپانیای شکار، هەرێم، خالید شینکی و قوباد پێی هەڵدەستن و ١٦٠٠ ژینگەپارێز بەشداری تێدا دەکات و ٥٢٠ ئامێری جۆراوجۆریش بەکاردەهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زبڵەکان و دوای کۆکردنەوەیان دەبرێن بۆ ناوچەی تانجەرۆ و ژێرخاک دەکرێن. 

لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی  ئاشکرای کرد، لە شاری سلێمانی هیچ سیستمێکی ڕیسایکڵین بۆ دووبارە سودوەرگرتنەوە لە خۆڵ و خاشاکەکان نیە، لە ٢٠١٣ ڕێکەوتننامەیەکمان لەگەڵ کۆمپانیای لاڤارجی فەڕەنسی و گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق ئەنجامدا، کە دەبێت لەماوەی ٢٠ ساڵدا پرۆژەی سیستمی ڕیسایکڵین جێبەجێ بکەن و بۆ ڕیسایکڵینی هەر تۆنێک لە زبڵ کۆمپانیاکە ١٩ دۆلار وەردەگرێت، پرۆژەکەش لەسەر رووبەری ١٧٠ دۆنم زەوی بنیات بنرێت، بەڵام پێنج ساڵی تەواو بوو، هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پرۆژەیە نەنراوە.

لەبارەی جێبەجێ نەکردنی ئەو پرۆژەیە، ناوبراو هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ قەیرانی دارایی و گوتی، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بودجەکەی بۆ تەرخان نەکراوە، لە ڕێگەی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردن نەدراوە بە کۆمپانیاکان، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی وەک بەڕێوبەرایەتی ئاو و کارەبا و سەرۆکایەتی شارەوانی خزمەتگوزارییان پێشکەش نەکردووە لە قیرتاوکردنی شەقامەکە و پێدانی ئاو و کارەبا بە پرۆژەکە.

"هەتا ئێستا شەش مانگ جارێک نووسراوێک لە ڕێگەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانییەوە ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکەین و ئەوانیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە تاوەکو بودجەکەی بۆ خەرج بکرێت، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە" رزگار ئەحمەد وای گوت.

ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە وشەی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران نایەوێت پرۆژەیەکی لەو شێوەیە لە سلێمانی ئەنجام بدرێت بۆیە بودجەی بۆ خەرج ناکات، چەندان جار سەردانی شوێنەکەمان کردووە، شارەوانی سلێمانیش هیچ گرفتی نەبووە لە جێبەجێ کردنی کارەکان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، داوامان لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران کردووە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵیان دابنیشین، نووسراومان ئاڕاستەیان کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.

سلێمانى/ لۆڤە محەمەد   




وشە - هیدایه‌ت جان