پەرلەمانتارێك: پارتەكانی شیعە بەرپرسیارەتی خراپیی بەڕێوەبردن و گەندەڵیان لە ئەستۆیە

:: PM:11:22:28/07/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق ئاماژەی كرد كە پارتەكانی شیعە بەرپرسیارەتی خراپیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەو گەندەڵییەی هەیە زیاتر لە كورد و سوننە دەگرنە ئەستۆ، پەرلەمانتارێكی تریش دەڵێت بەڵێنەكانی عەبادی بۆ دامەزراندن درۆیە و جێبەجێ نابێت.

لە هەشتی ئەم مانگەوە عێراقییەكان لە زۆرینەی پارێزگاكانی شیعەنشینی باشوور و ناوەڕاستی عێراق رژانە سەر شەقامەكان و داوای باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی هەلی كاریان لە حكوومەت كرد، لەو كاتەی عێراق یەكێكە لە وڵاتانی دەوڵەمەند و دووەم بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو رێكخراوی ئۆپێك.

كامل غرێری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەو بارەوە گوتی، پارتەكانی شیعە بەرپرسیارەتی خراپیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەو گەندەڵییەی هەیە زیاتر لە كورد و سوننە دەگرنە ئەستۆ و هەمووان لە ئەركەكانیان نووچیان خوارد.

زیاتر گوتی، سەرانی شیعە زیاتر لە سوننە و كورد بەرپرسیارن لەوەی بەسەر عێراقدا هاتووە و ئێستە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن شیعەوە قۆرخ كراوە، بۆیە پارتەكانی شیعە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت نووچیان خواردووە و لە پاراستنی سامانی گشتیی لاواز بوون، روونی كردەوە، هەموو پارتە شیعەكان بە گەندەڵییەوە خەریك بوون، بۆیە پێویستە كەسایەتییەكی بێلایەن بۆ پۆستەكە كاندید بكرێت بێ رەچاوكردنی تایفە و نەتەوەكەی. 

لای خۆیەوە نەهلە هبابی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بەڵێنەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە دابینكردنی هەلی دامەزراندن بۆ پارێزگاكانی باشوور لە وەڵامی خۆپێشاتندانەكان بە درۆ و جێبەجێ نەكراو وەسف كرد و ئاماژەی كرد كە حكوومەتی فیدراڵ نادادوەرانەیە لە دابەشكردنی هەلی دامەزراندن بەسەر هەموو پارێزگاكانی عێراق. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل