"لایەنەكان بە نهێنی خەریكی دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی عێراقن"

:: AM:09:01:29/07/2018 ‌
هێزە سیاسییەكانی عێراق لە ڕۆژانی ڕابردوو گفتوگۆكانیان چڕ كردووەتەوە تا بگەنە ڕێككەوتن لەسەر پۆستە گرنگەكانی حكوومەتی نوێی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەیش بە نهێنی و دوور لە چاوی میدیاكان دانوستاندن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان بەردەوامی هەیە.

سەرچاوەیەكی سیاسیی نزیك لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، گفتوگۆی لایەنە شیعەكان چڕ بووەتەوە و دەرگا بە ڕووی كورد و لایەنەكانی سوننەیش كراوەتەوە، ژمارەیەك ناو بۆ وەرگرتنی پۆستە سیادییەكانی حكوومەتی داهاتووی عێراق خراونەتە بەرباس.

ئاماژەی دا، گفتوگۆكان لەسەر دیاریكردنی سێ پۆستە سەرۆكایەتییەكە كە بریتین لە سەركۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان دەستی پێ كردووە و وەزارەتە سیادییەكانیش خراونەتە ناو دانوستاندنەكانەوە، ئەمەیش پێشكەوتنێكی باشە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی و ڕاگەیاندنی گەورەترین هاوپەیمانی و گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق.

سەرچاوەكان بۆ ڕۆژنامەكە دووپات لەوە دەكەنەوە، دانوستاندنەكان بە نهێنی بەڕێوە دەچن، بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستە لە باشووری عێراق بوونی هەیە، دەترسن لە ئەگەری ئاشكرابوونی ناوەكان و ڕەزامەندنەبوونی خەڵك لەسەریان، شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان توندتر بكاتەوە.

سەعد مەتڵەبی سەركردە لە دەوڵەتی یاسا بۆ ڕۆژنامەكە گوتی، گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامن، بەڵام تا ئێستە یەكلا نەبوونەتەوە، جیا لەوەیش دۆخەكە هەستیارە بەهۆی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی باشوور، جموجۆڵی ڕاستەقینە بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە كردەیی دوای تەواوبوونی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەست پێ دەكات.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایار/مایۆ ئەنجام درا، بەهۆی ئەوەی بەشێكی لایەنەكان لە ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەنگدان ڕازی نەبوون، لە پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنیان هەموار كردەوە و كۆمسیۆنیان لە كار دوورخستەوە و دادوەرانی سەر بە ئەنجوومەنی دادوەری عێراقیان لە شوێن دانان و پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەستی پێ كرد و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

لە تەك ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان، بەهۆی نەبوونی ئاو و كارەبا خۆپێشاندان لە شارەكانی باشووری عێراق لە هەشتی ئەم مانگەوە تا ئێستە بەردەوامی هەیە و داواكانی خۆپێشاندان لە ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاری و دەرفەتی كارەوە بۆ ڕووخانی سیستەم و دەسەڵاتی عێراق گۆڕاوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د