ناسڕیە..خۆپێشاندان دەستی پێ كردەوە و هێزی زۆر بڵاوكراونەتەوە

:: AM:09:40:29/07/2018 ‌
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، هێزەكانی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەكانیانەوە، ئەوانەی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لە شاری ناسڕیە بە چڕی بڵاوەیان پێ كراوە، ئەمەیش لە ترسی بەرپابوونی خۆپێشاندان كە بڕیارە ئەمڕۆ لە شارەكە ئەنجام بدرێت.

پێگەی "مربد" زانیارییەكانی بڵاو كردووەتەوە و هێمای بۆ ئەوە كردووە، دۆخێكی تەناهی زۆر توند لە ناسڕیە گیراوەتە بەر، لەسەر باڵەخانەكان و شەقامە سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكان بە فرەوانی هێز بڵاو كراونەتەوە، لە ترسی ئەنجامدانی خۆپێشاندان كە بڕیارە ئەمڕۆ خۆپێشاندانێكی گەورە ئەنجام بدرێت.

گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە توندە لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە، خۆپێشاندەران سوورن لەسەر بەردەوامی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەكانیان تا مافەكانیان جێبەجێ دەكرێ و كۆتایی بە ستەمی حكوومەت لە خەڵكی باشوور دەهێنن، خزمەتگوزاری و ئاو و كارەبایان بۆ دابین دەكەن.

لەلایەكی ترەوە سەدان هاووڵاتی و شێخی هۆزەكان گەیشتوونەتە گۆڕەپانی حبووبی ناوەڕاستی شاری ناسڕیە و دەستیان بە خۆپێشاندان كردووە و بە نیازن ئەمڕۆ گەورەترین خۆپێشاندان بكەن و بیرۆكەیەكی تریشیان ئەوەیە خۆپێشاندانەكە بۆ مانگرتنی ماوە درێژ بگۆڕن.

چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە كە داواكارییەكانی خۆپێشاندەران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبن، سەرەتا تەنیا داوای ئاو و كارەبا و دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام ئێستە داوای گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات و دادگاییكردنی حزبە گەندەڵەكان و پێكهێنانی هەرێمی بەسڕە و چەندان داوای تریان هەیە و دووپات لەوە دەكەنەوە كە دەبێ حكوومەتی بەغدا سەرجەم داواكانیان بهێنێتە دی.

لە ڕۆژی هەشتی ئەم مانگەوە خۆپێشاندان لە بەسڕە دەستی پێ كرد و دواتر بە شارەكانی تری باشووری عێراق بڵاو بووەوە، ئەمە سێیەم هەفتەیە خۆپێشاندانەكان بەردەوامن، حكوومەت تا ئێستە هیچ داوایەكی جێبەجێ نەكردوون، تەنیا بەڵێنی پێ داون، ئەوانیش بڕوایان بە بەڵێنەكانی حكوومەت نییە و دووپات لە بەردەوامیان دەكەنەوە تا داواكانیان دێتە دی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د