یۆڤانتۆس رووبەڕووی ناپۆلی دەبێتەوە

:: AM:10:10:26/01/2017 ‌

درەنگانی شەوی رابردوو هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و ئەی سی میلان لە یاریی قۆناغی 8ی جامی ئیتاڵیا رووبەڕووی یەكتر بوونەوە.

یانەی یۆڤانتۆس لە گێمی یەكەمدا بە 2 گۆڵ پێش یانەی میلان كەوتەوە، گۆڵەكانیش لەلایەن پاولۆ دیبالا لە خولەكی 10 و میرالیم بیانیچ لە خولەكی 21 هاتنە تۆماركردن.

لە گێمی دووەمیشدا یاریزانانی یانەی ئەی سی میلان خۆیان كۆ كردەوە و هەوڵی تۆماركردنی گۆڵ و یەكسانبوونەوەی یارییەكەیان دەدا، لە خولەكی 53 كارلۆس باكای هێرشبەری كۆڵۆمبی گۆڵێكی تۆمار كرد و تاڕادەیەك جیاوازییەكانی یارییەكەی كەم كردەوە.

ئەوەی یانەی میلانی تووشی كێشە كرد وەرگرتنی كارتی زەردی دووەم و سۆری مانوێل لۆكاتێلی بوو كە بەهۆیەوە تاڕادەیەكی زۆر پارسەنگی یارییەكەی گۆڕی.

بەمەش یاریزانانی یانەی میلان نەیانتوانی بە 10 یاریزان ئەنجامی یارییەكە یەكسان بكەنەوە و گۆڵی یەكسانبوون تۆمار بكەنەوە.

یانەی یۆڤانتۆس لە یاریی پێش كۆتای جامی ئیتاڵیا رووبەڕووی یانەی ناپۆلی دەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی یارییەكە دیاری نەكراوە.

جێی باسە ئەنجامی دوو یاریی تر لە قۆناغی 8ی جامی ئیتاڵیا ماوە یەكلایی ببێتەوە، هەردوو یانەی ئینتەر میلان و لاتسیۆ سێشەمی هەفتەی داهاتوو رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، رۆژی دواتریش یانەكانی رۆما و چیزینیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، براوەی هەردوو یارییەكەش لە قۆناغی پێش كۆتادا یاریی دەكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م