بەرپرسی بەشی ڤێتەرنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لە ماوەی یەک ساڵدا لە سلێمانی زیاتر لە یەک ملیۆن سەر ئاژەڵێ مەڕ و بزن و ڕەشەوڵاخ بۆ گۆشتەکانیان خوراونەتە بازاڕەوە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت، ساڵانە نزیکەی 100 هەزار تەن گۆشت و مریشک دەخورێت.
ئەمڕۆ دووشەم 14ى كانوونى دووهم، شاڵاو عارف، بەرپرسی بەشی ڤێتەرنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ئاژەڵانەی کە بۆ سەربڕین ڕۆژانە دەهێنرێنە ناو کوشتارگە و لەلایەن تیمی پزیشکی کوشتارگە دوای پشکنین سەردەبڕدرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، ئەوانەشی نەشیاو و نەخۆشبن، ڕەتدەکرێنەوە و دواتر لە بەشی لەناوبردن لەناو دەبرێن.
زیاتر گوتى، لە ماوەی یەک ساڵدا سەربڕینی ئاژەڵی بچووک کە مەڕ و بزن دەکات نزیکەی 332 هەزار سەر بووە و لە کوشتارگە سەربڕدراون و خراونەتە بازاڕەوە، هەروەها ڕەشەوڵاخی سەربڕدراو نزیکەی 40 هەزار سەر بووە، 63 حوشتر و 37 ئاسک سەربڕدراون و بە گشتی نزیکەی 380 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک بۆ گۆشت خرانەتە ناو بازاڕەوە.
ڕوونى كردهوه، لەو ماوەیەدا نزیکەی 90 تەن گۆشتی خراپ و نەشیاو و نەخۆش لە ناوبراوە، بەشی زۆری جگەر و سی و دڵ و گورچیلە و سپڵ بووە.
لای خۆیەوە سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سلێمانی ڕۆژانە 90 تەن گۆشتی مریشک دەخورێت و لە بۆنەکاندا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی سێ هەزار تەن مریشک دەخورێت و ساڵانە نزیکەی 35 هەزار تەن دەکات.
زیاتر گوتى، گۆشتی سوور لە گۆشتی مریشک زیاتر دەخورێت لە سلێمانی کە ڕۆژانە زیاتر لە 100 تەن گۆش دەخورێت و مانگانە سەروو سێ هەزار تۆن گۆشتی سوور لە سلێمانی دەخورێت، لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 40 هەزار تەن گۆشت دەخورێت، بە گۆشتی مریشک و گۆشتی سوور لە یەک ساڵدا سلێمانی نزیکەی 80 هەزار تەن دەخورێت، سەرەڕای گۆشتی ماسی کە ساڵانە نزیکەی 10 هەزار تەن.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی