ڕۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ڕاگه‌یاندنی حزب له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆ و عه‌لی باباجان بڵاو كردووه‌ته‌وه و به‌دواداچوونی بۆ ئه‌وه كردووه، كه ئایا دوو حزبه نوێكه‌ی ئه‌و سه‌ركرده كۆنانه‌ی ئاكپارتی كۆتایی به حوكمی 17 ساڵه‌ی ئه‌كپارتی و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له توركیا ده‌هێنن.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، توركیا به‌ره‌و ڕووی ساڵێكی پڕ له كێشمه‌كێشم ده‌چێ، له سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، ئه‌ردۆغان رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره بووه‌ته‌وه، به‌هۆی سووربوونی له‌سه‌ر ناردنی هێزه‌كانی توركیا بۆ لیبیا، پێشبینی ده‌كرێ دوو حزبه‌كه‌ی باباجان و داودئۆغلۆیش كاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری ئاكپارتی دروست بكه‌ن و سه‌رده‌می كۆتایی ئاكپارتی نزیكتر ببێته‌وه.
بیسان ماكرنان نووسه‌ری ڕاپۆرته‌كه ئاماژه‌ی داوه، په‌رله‌مانی توركیا له پشووی سه‌ری ساڵیش به‌رده‌وام بوو له دانیشتنه نائاساییه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌ك ده‌ربكات، تا ڕێ به سه‌ركۆمار بدرێ، هێز ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هاریكاری بگه‌یه‌نێته حكوومه‌تی ته‌رابلووس له لیبیا، ئه‌و بڕیاره هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه نیشانه‌ی خۆزلكردن و خۆ به‌هێز وێناكردنی ئه‌ردۆغان و توركیای ئاكپارتییه له ڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و سه‌ربازییه‌وه له جیهان، به‌ڵام له ناوخۆی وڵاته‌كه گه‌وره‌ترین كاره‌سات بۆ حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان دروست ده‌كات، چونكه خه‌ڵكی توركیا زۆرینه‌یان دژی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن و نایانه‌وێ ڕۆله‌كانیان بنێرنه لیبیا و له‌وێ تووشی مه‌رگ و شه‌ڕێكی قورسیان بكه‌نه‌وه، چونكه لیبیا هاوشێوه‌ی سووریا نییه و له‌وێ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كان له‌وپه‌ڕی گه‌رمیدان و ژیانی سه‌ربازانی توركیا له مه‌ترسیدا ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده ئه‌ردۆغان دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ته‌نیا 35 سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی لیبیا كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوێژ و ئامۆژگاری به هێزه‌كانی حكوومه‌تی ته‌رابلووس بده‌ن، به‌ڵام گاردیان به پشت به‌ستن به سه‌رچاوه تایبه‌ته‌كانی دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه نزیكه‌ی 300 سه‌رباز ڕه‌وانه كراوه، به سه‌ربازی فه‌رمی توركیا و چه‌كداره هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌ردۆغان له سووریا، كه له‌لایه‌ن ئه‌نكه‌ره‌وه مووچه و پێویستیان بۆ دابین ده‌كرێ و گه‌یشتوونه‌ته ته‌رابلووس و پشتیوانی حكوومه‌تی فائیز سه‌راج له لیبیا ده‌كه‌ن، دژی حكوومه‌تی جه‌نه‌رال خه‌لیفه حه‌فته‌ر.
ئه‌ردۆغان به ڕه‌وانه‌كردنی سوپا بۆ لیبیا تووشی شكستێكی تر ده‌بێت
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، به‌ڵكوو له ناوچه‌كه‌یش كاردانه‌وه‌ی توندی هێزه نه‌یاره‌كانی توركیای لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، به تایبه‌ت میسڕ و ئیمارات و سعوودیه، كه خۆیان وه‌ك هێزی سه‌ره‌كی و یاریكه‌ری نوێ و به‌هێزی ناوچه‌كه ده‌رده‌خه‌ن.
له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، ئه‌ردۆغان به‌م هه‌نگاوه سیاسی و سه‌ربازییانه ده‌یه‌وێ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی به‌رز بكاته‌وه، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ته‌نگژه‌ی ئابووری و دابه‌زینی نرخی لیره تووشی كاره‌ساتی گه‌وره بووه‌ته‌وه و ڕۆژ دوای ڕۆژ خه‌ڵكی هیوایان به حزبه‌كه‌ی نامێنێ و ڕیزه‌كانی حزبه‌كه وه‌ك دره‌ختێكی پایز ده‌وه‌رێت.
پێشبینی ده‌كرێ زۆربوونی حزبه‌كان ده‌نگه‌كان په‌رت بكات و وا له ئه‌ردۆغان بكات، نه‌توانێ سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێنێته‌وه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كه بڕیاره ساڵی 2023 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له‌وانه‌یشه به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی بتوانێ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بباته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو كاندیدێكی به‌هێز و هاوبه‌شی دوو حزبه نوێكه و حزبه‌كانی تری توركیا ڕووبه‌ڕووی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان نه‌بێته‌وه.
هه‌موو ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیا به ئاراسته‌ی نادیار ده‌ڕوات و داهاتوو و به‌رئه‌نجامێكی تاریك چاوه‌ڕوانی ئه‌م جووڵه سه‌یرانه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌كات، كه خه‌ون به گێڕانه‌وه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان ده‌بینێت، بوونی كورد و كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان له هه‌ڵبژاردن له هه‌موو باره‌كان ده‌بێته هۆی لاسه‌نگكردنی ته‌رازووی ململانێی حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و نه‌یارانی، كه له هه‌ڵبژاردنی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كانیش كورد تۆڵه‌یان له ئه‌ردۆغان كرده‌وه و له زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌كان نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێنێت، به‌هۆی هێرشی بۆ سه‌ر كورده‌كانی سووریایش پێشبینی ده‌كرێ له هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی داهاتوو كورده‌كان به ته‌واوی پشت له حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكه‌ن.
له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان شكستی ئاكپارتی مسۆگه‌ر
ئه‌ردۆغان ده‌زانێت، كه بردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بۆ حزبه‌كه‌ی كارێكی ئه‌سته‌م و مه‌حاڵ ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌موو هیوای بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی خۆی كۆ كردووه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێ تا هه‌ڵبژاردنیش به یاسای ده‌رچووێنراو له په‌رله‌مانه‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌كانی ڕۆژ دوای رۆژ زیاتر و فره‌وانتر بكات، به‌ڵام هه‌موو ناوه‌نده توێژینه‌وه‌كانی دنیا پشتڕاستی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌ستوه‌ردانی توركیا له سووریا و لیبیا دوای ته‌نگژه‌ی ئابووری، دووه‌م گه‌وره‌ترین شكست ده‌بێ، كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌ردۆغان ده‌بێته‌وه، به‌مشێوه‌یه‌یش خۆی و حزبه‌كه‌ی بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و تووشی گه‌وره‌ترین شكست ده‌بنه‌وه له مێژووی 17 ساڵه‌ی حوكمڕانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیا.