له یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی دوای كۆنگره، پێشێلی ڕه‌شنووسی پێڕه‌وی ناوخۆ كرا و نه‌توانرا له واده‌ی دیاریكراودا سه‌ركردایه‌تییه نوێیه‌كه كۆبوونه‌وه‌ی خۆی بكات. ئه‌وه‌ش به‌هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی ململانێی باڵه‌كان و ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی كۆنگره بۆ ئه‌و حزبه‌ی زیاد كردوون. هاوكات ڕێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر كه‌سێك بۆ سه‌رۆكی ئه‌و حزبه.
به‌پێی ڕه‌شنووسی پێڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی، سه‌ركردایه‌تیی هه‌ڵبژێردراو پێویسته له ماوه‌ی سێ تا پێنج ڕۆژ دوای كۆنگره، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات و له دوای 15 ڕۆژ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه، كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م ده‌كرێت و سه‌رۆك و جێگر دێنه هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دیاری ده‌كرێ، به‌ڵام 15 ڕۆژ به‌سه‌ر كۆنگره‌ی یه‌كێتی ڕۆیشت و تا ئێسته سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یشی نه‌كردووه.
له كۆنگره‌دا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی كۆنی یه‌كێتی نه‌هاتنه‌وه هه‌ڵبژاردن و ئێسته له یه‌كێتی زویرن
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ڕێكنه‌كه‌وتنی باڵه‌كان له‌سه‌ر كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی یه‌كێتی، كێشه‌ی سه‌ره‌كیی به‌رده‌م كۆنه‌بوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تییه، چونكه باڵی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ له ئه‌نجامه‌كانی كۆنگره ڕازی نین و به بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییان گوتووه، بڕیار نه‌بووه هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تیی له كۆنگره‌دا به‌و ئه‌نجامه بگات كه زۆرینه‌ی ده‌رچووه‌كان سه‌ربه بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانین.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، ئێسته له گفتوگۆی ڕێككه‌وتنن له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌سێك بۆ سه‌رۆكی ئه‌و حزبه، ماڵی تاڵه‌بانی هه‌وڵی ڕازیكردنی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ده‌ده‌ن به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی، جا به گۆڕینی هه‌ندێ سه‌ركردایه‌تیی بێت بۆ كادره‌كانی سه‌ربه باڵی ئه‌و، یان له ئه‌نجوومه‌نی سیاسی و جێگره‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتیدا كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ خاوه‌نی پێگه و بڕیار بێت بۆ دانانی كه‌سه‌كان.
كاوه سلێمان ئه‌ندامی تازه هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجوومه‌نی گشتیی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند كه ئه‌وه‌ی له پێڕه‌ودا هاتووه، ڕه‌شنووسه و هێشتا نه‌بووه‌ته پێڕه‌وی ته‌واو و ئه‌نجوومه‌نی گشتیی سه‌ركردایه‌تیی په‌سه‌ندی بكات، بۆیه هه‌موو بڕگه و ماده‌كان ئه‌گه‌ری گۆڕانكارییان تێدایه.
زیاتری خسته ڕوو، "هه‌موو ئه‌و زانیارییانه كۆنگره وه‌ڵامی دانه‌وه، ئه‌ی نه‌ده‌گوترا یه‌كێتی باڵه‌كانی و كێشه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می هه‌یه و كۆنگره‌ی پێ ناكرێت، ده‌ی كۆنگره سه‌ركه‌وتووه‌كه‌تان بینی و وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و قسانه‌یه، ده‌شبینین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت و سه‌رۆك دێته هه‌ڵبژاردن و ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانن كێشه دروست بێت له‌ناو یه‌كێتی، پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینن."
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای نۆ ساڵ دواكه‌وتن، ٢١ی مانگی ١٢ی ساڵی 2019 بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ، چواره‌م كۆنگره‌ی خۆی ئه‌نجام دا و ژماره‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی بۆ ١٢١ ئه‌ندام به‌رز كرده‌وه.
له‌ناو كۆنگره‌دا ١٢١ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی هاتنه هه‌ڵبژاردن، هه‌ریه‌كه له به‌رهه‌م ساڵح، ڕێواس فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانی به حوكمی پۆسته‌كانیان، به ته‌زكییه بوونه ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی گشتیی سه‌ركردایه‌تی، ئێسته پێویسته ئه‌و حزبه سێ ئه‌ندام سه‌ركردایه‌تیی بكشێننه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی به ته‌زكییه هاتوون، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی تری ئه‌و حزبه‌یه.
جگه له سكرتێری یه‌كێتی، پرسی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كانی ئه‌و حزبه كێشه‌كه‌ی تری باڵه‌كانه، چونكه ده‌بێت ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر بكرێت و به‌پێی ره‌شنووسی پێڕه‌و، ده‌بێ له ماوه‌ی دوو مانگدا پڕ بكرێنه‌وه، به‌ڵام پێش كۆنگره، له‌سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی و چۆنێتی دانانی سه‌رۆك و جێگیر ڕێككه‌وتبوون و دانانی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كانیشیان بۆ دوای كۆنگره جێهێشتبوو.
ئه‌ندامێكی تازه هه‌ڵبژێردراوی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی كه نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه، به"وشه"ـی گوت، "ئه‌وه ڕاسته و ئاراسته جیاوازه‌كان زۆر مه‌ڵبه‌نده‌كانیان به‌لاوه گرنگه، چونكه پێگه و سه‌نگی ڕێكخستنه‌كانن له ناوچه جیاوازه‌كان."
ئاماژه‌ی دا، "تا ئاستێك مه‌ڵبه‌نده‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك یه‌كلا بوونه‌ته‌وه، مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی بۆ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و هه‌ولێریش بۆ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و دهۆك كه‌سێكی به ڕێككه‌وتنی هه‌ردوو باڵه‌كه بۆ داده‌نرێت، به‌ڵام ئێسته گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌ڵبه‌نده‌كانی تر ده‌كه‌ن، ئه‌مجاره كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ڕێ نادات هه‌ڵبژاردن وه‌ك كۆنگره‌ی لێ بێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ هه‌ڵبژاردنی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ڕێك ئه‌وه بێت كه له‌سه‌ری ڕێك ده‌كه‌ون."
له كۆنگره‌دا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی كۆنی یه‌كێتی نه‌هاتنه‌وه هه‌ڵبژاردن و ئێسته له یه‌كێتی زویرن، به‌ڵام لیژنه‌یه‌ك پێك هێنراوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان و ڕازیكردنیان به دانانیان له به‌رپرسیارێتی مه‌ڵبه‌نده‌كان یان له پۆسته حكوومییه‌كاندا، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و هه‌وڵانه بێ ئه‌نجام بوون و ئه‌و سه‌ركردایه‌تییانه ڕه‌زامه‌ند نه‌بوون به‌و جۆره بگه‌ڕێنه‌وه، چونكه ده‌ڵێن له كۆنگره‌دا ده‌رچوون، به‌ڵام ناوه‌كانیان لاداون.
یه‌حیا ئه‌حمه‌د مامۆستای زانكۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی، باس له‌وه ده‌كات كه كۆنگره‌ی یه‌كێتی شه‌رعییه‌تی ته‌واوه‌تی به باڵباڵێنی ئه‌و حزبه دا. دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه "یه‌كێتی جارێكی تر ناتوانێ له كێشه‌ی باڵه‌كانی و گرفته به‌رده‌وامه‌كانی باز بدات".