پێنج خاڵ سەدر و عامری لە ئێران كۆ كردەوە

:: AM:11:57:14/01/2020 ‌
پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، هەڵبژاردنی پێشوەخت، روونی لە بڕیاری عێراقی، هێرشی ئەمەریكی لەسەر خاكی عێراق، بڕیاری دەركردنی هێزی ئەمەریكا، ئەو پێنج خاڵەن هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی موقتەدا سەدر سەردانی ئێرانی كرد. پەرلەمانتارێك دەڵێ، دیدارەكە هاوكار دەبێت بۆ چارەسەری تەنگژەكان.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون ئاشكرای كرد، دیداری موقتەدا سەدر لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح لە شاری قومی ئێرانی، شەوی شەمووی رابردوو بوو.

پرسی هێرشی ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق، وەڵامدانەوەی ئێران، لاوازی بڕیاری عێراق، گوتاری مەرجەعییەت لەبارەی بڕیاری بەهێزی عێراقی و سەربەخۆیی، رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو تەوەرانە بوون كە هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر كردووە. زیاتر گوتی "دیدارەكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لایەنە ناكۆكە سیاسییەكان چارەسەری تەنگژەكان بكەن". 

لاوازی بڕیاری عێراق، گوتاری مەرجەعییەت، رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو تەوەرانە بوون سەدر و عامری گفتوگۆیان لەسەر كردووە


 پێوەند بەو پرسە ئەحمەد كینانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێ، دیداری نێوان عامری و سەدر پرسی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو خێراتر دەكات. زیاتر گوتی "هەر كاندیدێك هاوپەیمانی فەتح دەستنیشانی كردبێت، ئەوا هاوپەیمانی سائیروون رەتی كردووەتەوە، بۆیە بەشێكی دیدارەكە یەكخستنی هەڵوێست بوو بۆ دەرچوون لەو تەنگژەیەی ئێستە هەیە".

جێی باسە تا ئێستە موقتەدا سەدر لە قوم نەگەڕاوەتەوە عێراق، ئەگەرچی عێراق بە دۆخێكی پڕ لە تەنگژە تێدەپەڕێت و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان وایكردووە مانگێك زیاتر بەسەر دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی تێپەڕێت، نەتوانن بگەنە رێككەوتن، بەهۆیەوە دەستوور و یاسا بە تەواوەتی پێشێل كراوە و هیچ بەهایەكی نەماوە.



وشە - فه‌رمان سادق