ئەنجوومەنی گشتی گوتەبێژی یەکێتی دەستنیشان کرد

:: PM:02:11:14/01/2020 ‌
ئەمڕۆ سێشەم، ئەنجوومەنی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوای سێ هەفتە لە تەواوبوونی کۆنگرەی چوارەم، کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەک دروست بکرێت و گوتەبێژی یەکێتیش دیاری کرا.
لیژنەیەک بۆ هەموارکردنەوەی پێڕەوی ناوخۆ دیاری کرا

ئەمڕۆ سێشەم 14ی کانونی دووەم، زوبێر عوسمان ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لیژنەیەک دیاری کرا بۆ هەمواری پێڕەوی ناوخۆ و کارەکانی دەکات تا ئەوکاتەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی پەسەند دەکرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا گوتەبێژی یەکێتی بەشێوەی کاتی دیاری کرا، ئەویش مستەفا چاوڕەش دەبێت تا ئەوکاتەی هەمواری پڕەوی ناوخۆ پەسەند دەکرێت و گوتەبێژێکی فەرمی بۆ یەکێتی دەستنیشان دەکرێت.

"لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو کار لەسەر ئەو پرسانەی تر دەکرێت کە لەسەر ئەنجوومەنی گشتیە و دەبێ یەکلایان بکاتەوە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ تەنیا ئەو دوو بڕیارە دران و کۆبوونەوەکە کۆتایئ هات.

لە ٢١ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان چوارەم کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و ئەنجوومەنی سیاسی و ئەنجوومەنی گشتی هەڵبژارد و تا ئێستاش سەرۆکی یەکێتی هەڵنەبژێردراوە کە لە لایەن ئەنجوومەنی گشتی دیاری دەکریت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - هیدایه‌ت جان