ڕۆژی 10ی ئه‌م مانگه سوڵتان قابووس كه پردی به‌ستنه‌وه‌ی دژه‌كان ناوده‌برێ و وڵاته‌كه‌ی كردبووه سویسرای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆچی دوایی كرد و ئامۆزاكه‌ی شوێنی گرته‌وه، ئێسته‌یش له ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كانی دنیا پرسیارێك هه‌مووانی سه‌رقاڵ كردووه، ئایا سوڵتاننشینی عه‌مان و سوڵتانی نوێ هه‌مان دۆخ دهخولقێننهوه، كه دوژمنانی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك مێز كۆ بكه‌نه‌وه، یان كێ ده‌بێته شوێنگره‌وه‌ی قابووس له ناوچه‌كه.
سوڵتان
قابووس دوای كوده‌تایه‌كی سپی له ساڵی 1970 ماوه‌ی 50 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی وڵاته‌كه‌ی كرد و به یه‌كێك له سه‌ركرده ژیر و داناكانی ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرا، ئه‌و خۆی له هیچ ململانێیه‌كی ناوچه‌كه نهگلاند و دۆستی هه‌مووان و دوژمنی هیچ لایه‌ك نه‌بوو، له كاتێكدا گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له وڵاته‌كه‌ی بوونی هه‌یه، كه‌چی ئێرانییه‌كان به ئاسایی و بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ده‌چوونه وڵاته‌كه‌ی، به بناغه‌ی سه‌ره‌كی دروستبوونی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك داده‌نرێ، وڵاته‌كه‌یشی جیا له‌وه‌ی له ڕووی خوێندن و ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزاری ریزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی گرتووه، به‌ڵام له ڕووی دیپلۆماسی و سیاسییه‌وه‌یش هیچ كه‌متر نه‌بوو له ڕۆڵی سویسرا، كه هه‌موو كێشه‌كانی جیهانی لێ چاره‌سه‌ر ده‌كرێ و هه‌موو لایه‌نه ناكۆكه‌كان ڕووی تێ ده‌كه‌ن.
قابووس به پیاوی ئاشتی و كۆژێنهرهوهی ئاگری ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرا و هه‌مووان متمانه‌ی زۆریان پێی هه‌بوو، سه‌ره‌ڕای نێوه‌ندگیری نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا و كۆكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات له مه‌سقه‌ت، له نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئێرانیش گه‌وره‌ترین ڕۆڵی ده‌گێڕا، هه‌رچه‌نده له كۆمكاری عه‌ره‌بی و ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو فشاری له‌سه‌ر دروست ده‌كرا، تا هه‌ڵوێست دژی ئێران ده‌رببڕێ، به‌ڵام ئه‌و به توندی ئه‌مه‌ی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه و هه‌میشه میانڕه‌و و بێلایه‌نانه مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد.
میری قه‌ته‌ڕ پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئێران باشه و كار بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات
دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2011 نه‌خۆش كه‌وت و ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له ئه‌ڵمانیا بۆ چاره‌سه‌ر مایه‌وه، وڵاتانی ناوچه‌كه به گشتی و ئێران و ئه‌مه‌ریكا به پله‌ی یه‌كه‌م ترسی زۆریان لا دروست بوو، كه ئه‌و پیاوه‌ی كۆیان ده‌كاته‌وه و ڕێ له جه‌نگ ده‌گرێ له نێوانیان كۆچی دوایی بكات، بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاته‌كه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك دژی یه‌كبوون، به‌ڵام هه‌ردوولا ترسێكی هاوبه‌شیان هه‌بوو، كه قابووس له ده‌ست بده‌ن.
ئه‌وه‌ی واشنتن و تاران لێی ده‌ترسان دواجار ڕووی دا و قابووس كۆچی دوایی كرد، ئێسته‌یش دۆخی ناوچه‌كه له گرژییه‌كی قووڵ و كێشه‌ی گه‌وره‌دایه، به تایبه‌ت له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، كێ ئه‌و ڕۆڵه ئاشتیخواز و پردی به‌یه‌كگه‌یاندنی دژه‌كان ده‌گێڕێت، ئایا ئامۆزاكه‌ی كه له شوێنی قابووس به ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی خانه‌واده‌ی سوڵتان پۆستی سوڵتانی عومانی پێ درا، ده‌توانێ هه‌مان ڕۆڵ بگێڕێت، یان كێی تر له ناوچه‌كه چاوی له‌وه‌یه شوێنی عومان بگرێته‌وه و ببێته سویسڕای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دۆخی سوڵتاننشینی عومان به ئارامی و بێ كێشه ماوه‌ته‌وه دوای مه‌رگی قابووس، به‌ڵام میر حه‌مه‌د بن ته‌میمی میری قه‌ته‌ڕ به هه‌موو تواناوه ده‌یه‌وێت، دوای ئه‌و ڕۆڵی نێوه‌ندگیر و بێلایه‌نی نێوان ولاته ناكۆكه‌كانی ناوچه‌كه بگێڕێ، بۆ ئه‌مه‌یش هه‌نگاو و ئاماده‌كاری زۆری كردووه و یه‌كه‌م ههوڵیشتی له ئارامكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران گێڕا، دوای ئه‌وه‌ی پاش هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر قاسم سلێمانی و دواتریش وه‌ڵامه‌كه‌ی ئێران، میر حه‌مه‌د پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ تره‌مپ ئه‌نجام دا و پاشان ڕووی له ئێران كرد و له‌گه‌ڵ رووحانی و عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران كۆبووه‌وه.
ده‌یه‌وێ ناسناوی سویسڕای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پیاوی ئاشتی له عومان و سوڵتان قابووس وه‌ربگرێت
له هه‌فته‌ی ڕابردوویش محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ڕ گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی ناوه‌ند كۆبووه‌وه و پاشانیش ڕووی له هه‌ولێر كرد، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان دانیشتنی ساز كرد.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی قه‌ته‌ڕ بۆ عێراق به بڕوای چاودێران، بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بووه، قه‌ته‌ڕ ده‌یه‌وێ تاوتوێی گرژی و توندوتیژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن له عێراق بكات، هاوكات یارمه‌تی لایه‌نه‌كانی عێراقیش بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاندیدێكی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی داهاتوو ڕێك بكه‌ون و كۆتایی به ناكۆكییه ناوخۆییه‌كان و به فیڕۆدانی كات بهێنن، جیا له‌وه‌یش زانیارییه نا فه‌رمییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه داوای له سه‌ركرده‌كانی عێراقیش كردووه، كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌رنه‌كه‌ن، چونكه كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌و خواسته‌ی حه‌مه‌د بن ته‌میم به بڕوای شاره‌زایان ڕه‌وایه و ئه‌گه‌ری هاتنهدیشی قورس نییه، به تایبه‌ت قه‌ته‌ڕ ئێسته وه‌كو پێشوو نییه و بگره له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا و وڵاتانی تر پێوه‌ندی زۆری هه‌یه، به نهێنی له‌گه‌ڵ سعوودیه‌یش له گفتوگۆ و دانوستاندنه بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به گه‌مارۆكان بهێنرێ و له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی له كه‌نداویش پێوه‌ندییه‌كانی باش بكاته‌وه و ئه‌وكاته ده‌بێته باشترین نێوه‌ندگیر و جێگره‌وه‌ی سوڵتان قابووس له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.