حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پێنج ساڵی رابردوودا، هه‌موو ساڵێك بڕێك له قه‌رزی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆری لای خۆی گل داوه‌ته‌وه و به فه‌رمانبه‌رانی گوتووه، پاشه‌كه‌وتی ده‌كه‌م و له داهاتوودا بۆتانی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه. ئه‌گه‌ر سێ مانگی رابردووش حیساب بكرێت، كۆی ئه‌م قه‌رزانه له 19 تریلیۆن دینار نزیك ده‌كه‌وێته‌وه.
له ساڵی 2019 حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به پێچه‌وانه‌ی ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی كه نیوه مووچه‌ی دابه‌ش ده‌كرد، مانگانه مووچه‌ی ته‌واوی دا، به‌ڵام نه‌یتوانیوه مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ساڵه‌كه له كاتی خۆیدا بدات و كه له حكوومه‌تی پێشووه‌وه به‌سه‌ریدا به‌جێماوه. بۆیه ئه‌م قه‌رزه‌یشی له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه بووه.
ئێسته كه نیوه‌ی مانگی یه‌كه‌می ساڵی نوێ تێپه‌ڕیوه، هێشتا فه‌رمانبه‌ر مووچه‌ی مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوویان وه‌رنه‌گرتووه.
به‌گشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی ته‌واوی چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2015ی لایه كه بڕه‌كه‌ی سێ ترلیۆن و 400 ملیار دیناره. له ساڵی 2016یشه‌وه ده‌ستی به جێبه‌جێكردنی سیستمی پاشه‌كه‌وت كرد كه تا كۆتایی ساڵی 2018 درێژه‌ی پێ دا.
له قۆناغی یه‌كه‌مدا به‌شێك له مووچه‌ی 24 مانگی هه‌ردوو ساڵی 2016 و 2017ی بۆ فه‌رمانبه‌ران پاشه‌كه‌وت كرد. مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی فه‌رمانبه‌ران بۆ هه‌ر ساڵێك پێنج تریلیۆن و 100 ملیار دیناره، به‌و پێیه كۆی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی هه‌ردوو ساڵی 2016 و 2017 ده‌گاته 10 تریلیۆن و 200 ملیار دینار.
به‌پێی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی حكوومه‌ت له سه‌ره‌تای ساڵی 2018 ئه‌نجامی دا، بڕی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی كه‌م كرده‌وه و مووچه‌ی زیاتری به فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆر دا. پێشتر كه نیوه مووچه و چاره‌گه مووچه‌یان پێ ده‌درا، ئه‌مجاره‌یان دوو له‌سه‌ر سێی مووچه‌كه‌ی پێ دان و نزیكه‌ی 30% و مووچه‌كه‌ی بۆیان پاشه‌كه‌وت كردن.
بڕی ئه‌و مووچه‌یه‌ی له‌و ساڵه‌دا حكوومه‌ت بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی پاشه‌كه‌وت كردووه، ده‌گاته دوو ترلیۆن و 550 ملیار دینار.
له ساڵی 2019دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێدانی مووچه‌ی ئاسایی كرده‌وه و فه‌رمانبه‌ر مووچه‌ی ته‌وای مانگانه‌ی خۆیان وه‌رگرت، به‌ڵام حكوومه‌ت له‌و ساڵه‌دا تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته، ته‌نیا نۆ مووچه‌ی ته‌واوی دابه‌ش كردووه و هێشتا مووچه‌ی ته‌واوی سێ مانگی فه‌رمانبه‌ران قه‌رزداره.
تا رۆژی یه‌كشه‌م سێشه‌م 14ی مانگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2019، هیچ بڕه مووچه‌یه‌كی دابه‌ش نه‌كردووه. كۆی مووچه‌ی سێ مانگی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته دوو تریلیۆن و 550 ملیار دینار.
كه‌واته كۆی قه‌رزی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر حكوومه‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌كانی سه‌ره‌وه، به لێكدانه‌وه‌ی "وشه" ده‌گاته 18 تریلیۆن و 700 ملیار دینار.
تا ئێسته به كرده‌وه هیچ هه‌نگاویك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه نه‌نراوه، به‌ڵام به یاسا دوو بڕگه له پڕۆژه‌یاسای چاكسازی خراونه‌ته ڕوو كه باس له كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكی بۆ مووچه‌خۆر ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك لای خۆی ده‌زانێ چ بڕێك پاره‌ی لای حكوومه‌ته. به‌ڵام هه‌نگاوه‌كه كاتێك به گرنگ هه‌ژمار ده‌كرێت كه مووچه‌خۆر ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌كه‌یشی وه‌رنه‌گرێته‌وه، بتوانێ له رێی ئه‌م هه‌ژماره‌وه به‌شێك له‌و قه‌رزانه بگه‌ڕێنێته‌وه كه هی حكوومه‌تن له‌سه‌ری.
ده‌كرێ هه‌ژماره بانكییه‌كه‌ی فه‌رمانبه‌ر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رز به‌رانبه‌ر قه‌رز سوودی لێ وه‌ربگیرێت
حكوومه‌ت كۆمه‌ڵێك قه‌رزی له‌سه‌ر خه‌ڵكه، له قه‌رزی پێشینه‌ی بانكه‌كانه‌وه بگره تا ده‌گاته قه‌رزی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ی كاره‌با و ئاو و هاتوچۆ، ئه‌گه‌ر ئه‌م قه‌رزانه به‌ریه‌ك بكه‌ون و مووچه‌خۆر بتوانێ به هه‌ژماره بانكییه‌كه‌ی قه‌رزه‌كه‌ی بداته‌وه، جێی ره‌زامه‌ندیی مووچه‌خۆران ده‌بێت.
هه‌ژماره بانكییه‌كه‌ی بڕیاره بۆ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دروست بكرێت، بناغه‌یه‌كی گرنگه بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزی پاشه‌كه‌وت، به مه‌رجێك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوی له به‌شێكی داهاته‌كه‌ی نه‌بێت و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزی ده‌ستنیشان بكات.
بۆ نموونه، كۆی ئه‌و قه‌رزه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هاوبه‌شه‌كانیه‌تی، ده‌گاته تریلیۆنێك و 100 ملیار دینار. ئومێد ئه‌حمه‌د گوته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه، بۆ "وشه" وێڕای ئاماژه‌دان به بڕی كۆی قه‌رزی كاره‌با گوتی، "ئه‌گه‌ر میكانیزمێك دابنرێ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی له رێی ئه‌و هه‌ژماره بانكییه‌ی هه‌یه‌تی قه‌رزی كاره‌با بداته‌وه، لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت لارییان له‌م پرۆسه‌یه نه‌بێت و رێوشوێنی بۆ ده‌ستنیشان بكرێت، ئه‌وا وه‌زاره‌تی كاره‌با هیچ لارییه‌كی نییه".
ئه‌و ده‌ڵێ "لای وه‌زاره‌تی كاره‌با گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێنرێته‌وه، چونكه موڵكی گشتییه و دواجار ده‌چێته‌وه خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی".
هه‌فته‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه‌كانی هه‌رێم له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوار تریلیۆن و 750 ملیار دیناری لای هاووڵاتییانه كه به‌شێكی بۆ پڕۆژه‌كانه، به‌شێكیشی پێوه‌ندی به پێشینه‌كانی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره و پیشه‌سازی و كشتوكاڵی هه‌یه. به‌و پێیه ده‌كرێ به‌شێك له‌م قه‌رزانه‌یش به هه‌مان سیستم به‌رانبه‌ر به یه‌كتر بخرێت و قه‌رز و خاوه‌ن قه‌رز له بۆڵه‌بۆڵ رزگار بكات.
خورشید ئه‌حمه‌د سه‌لیم ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ "وشه" هه‌نگاوه‌كه‌ی حكوومه‌ت له‌باره‌ی كاركردن بۆ هه‌ژماری بانكی به گرنگ ده‌زانێت و پێی وایه، ئه‌مه ده‌بێته ددانپێدانان به قه‌رزی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وت و له رێیه‌وه ده‌كرێ له داهاتوودا فه‌رمانبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی تر سوود له‌و پاره‌یه‌یان وه‌ربگرن كه لای حكوومه‌ته.
ئه‌و نموونه دێنێته‌وه و ده‌ڵێ، هاووڵاتییه‌ك كه بزانێ چ بڕه پاره‌یه‌كی لای حكوومه‌ته، مافی خۆیه‌تی به‌و حیسابه‌ی له بانك هه‌یه‌تی، قه‌رزه‌كانی حكوومه‌ت وه‌ك قه‌رزی كاره‌با و ئاو و ته‌نانه‌ت قه‌رزی رسوومات و كۆمه‌ڵێك پاره بۆ حكوومه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه، دواجار حكوومه‌تیش به‌م رێیه قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كه‌ی كه‌متر ده‌بێته‌وه.
خورشید ئه‌حمه‌د سه‌لیم دڵنیایه له‌وه‌ی حكوومه‌ت له‌و دۆخه‌ی ئێسته‌دا نه‌ك ناتوانێ قه‌رزی فه‌رمانبه‌ران بگه‌ڕێنێته‌وه، بگره ئه‌وپه‌ڕی ده‌توانێ مووچه‌ی مانگانه‌یان بدات.
قه‌رز به‌رانبه‌ر به قه‌رز، ده‌توانێ ئاسانترین شێواز بێت بۆ سووككردنی قه‌رزی حكوومه‌ت له‌سه‌ر هاووڵاتی، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه هاووڵاتی له‌سه‌ر حكوومه‌ت كه پێویستی به سه‌رمایه و بودجه و پاره‌ی كاش نییه و ته‌نیا ژماره‌كان ده‌ستكاری ده‌كرێن.