سبەی مووچەی دوو وەزارەت و دوو توێژ دابەش دەكرێت

:: AM:09:23:18/01/2020 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی دوو وەزارەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت و ئەو هەفتەیە كۆتایی دێت بە دابەشكردنی مووچە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابەشكردنی مووچە بڵاوی كردووەتەوە، سبەی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابەش دەكرێت.

سبەی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیش دابەش دەكرێت
لە لیستەكەدا ڕوون كراوەتەوە، سبەی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیش دابەش دەكرێت.

هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوای تەنگژەی دارایی پشت دەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد