لە شارۆكەیەكی هەرێمی كوردستان زڕدایكێك منداڵەكەی كوشت

:: AM:09:25:18/01/2020 ‌
لە سنووری شارۆكەی مەخموور، منداڵێك ون دەبێت و دواتر تەرمەكەی دەدۆزرێتەوە و دەردەكەوێت زڕدایكەكەی كوشتوویەتی.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی كانوونی دووەم، نەقیب شوان عوسمان ئەفسەری پۆلیس لە سنووری شارۆكەی مەخموور بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی دوێنێ‌ ئاگەدار كراینەوە لەلایەن هاووڵاتییان كە تەرمێك لە سنووری گوێڕ هەیە و دانیشتووی سنووری مەخموورە.

شەوی ڕابردوو بكوژەكەمان گرت كە زڕدایكی بوو و ددانی نا بە تاوانەكەی 
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس گوتی، دوای چوونی تیمەكانی ئێمە، منداڵێكی تەمەن 10 ساڵان بەكوژراوی دۆزرایەوە و دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە، شەوی ڕابردوو بكوژەكەمان گرت كە زڕدایكی بوو و ددانی نا بە تاوانەكەی.

باسی لەوەش كرد، دوای ئەوەی تەرمی منداڵە 10 ساڵانەكە لە گوندی عوێجە سەربە شارۆكەی گوێر دۆزرایەوە و خۆیان دانیشتووی گوندی گامێش تەپەن، دوای كوشتنی فڕێ دراوە لە گوندی عوێجە، لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن، چونكە گومان هەیە كەسانی تریش لە گواستنەوەی تەرمەكە هاوكار بووبن.

سنووری مەخموور دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كەوتووەتە دەست سوپا و میلیشیا چەكدارەكان و چەندان تاوانی جۆراوجۆر لەو سنوورە ڕوو دەدەن.




وشە - رامیار جەواد