نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:57:18/01/2020 ‌

نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بەم گۆڕانكارییەش توانی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە رۆژنی سەرەتای هەفتەكە قەرەبوو بكاتەوە.

شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا و لە دوو رۆژی كۆتایی هەفتەكەش نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد. بەگوێرەی livechart رۆژی هەینی نیو دۆلار و رۆژێك پێشتریش نیو دۆلاری تر لە نرخی هەر بەرمیلێكی نەوت هەڵكشا، دواجار نرخەكەی بە 65 دۆلار و 52 سەنت داخرا.
لە سەرەتای هەفتەكە نرخی نەوت تەنانەت خوارووی 64 دۆلاریشی تۆمار كرد

ئەو بەرزبوونەوەیە لە كاتێكدا رووی دا كە لە سەرەتای هەفتەكە نرخی نەوت تەنانەت خوارووی 64 دۆلاریشی تۆمار كرد. 

بەرزبوونەوەی بەرهەمی نەوتی ئەمەریكا و راپۆرتەكانی فەرمانگەی زانیاری وزە لەسەر پێشبینیكردنی بەرزبوونەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی، هۆكار بووە لەوەی نرخی نەوتیش دابەزین تۆمار بكات.

لەلایەكی ترەوە رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و چین لەسەر پرسی بازرگانی هۆكار بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. دوو هەفتە لەمەوبەر لەكاتی هێرشی مووشەكی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا نرخی نەوت بەرەو سەرووی 71 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دواتر هەڵوێستی ترەمپ بۆ وەڵامنەدانەوەی ئێران و لێنەكەوتنەوەی هیچ قوربانییەك لە هێرشەكە، نرخی نەوتیش رووی لە دابەزین كردەوە.



وشە - سلێمان تاشان