ترەمپ بە خامنەیی دەڵێت ئاگای لە دەمی بێت

:: AM:10:13:18/01/2020 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەڵامی لێدوانەكانی سەید عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانی دایەوە و گوتی، پێویستە خامنەیی ئاگای لە دەمی بێت.

رێبەری بەناو گەورەی ئێران كە لەمدواییەدا هیچ گەورەییەكی بۆ نەماوەتەوە
ئەو لە تویتێكدا نووسیویەتی، "رێبەری بەناو گەورەی ئێران كە لەمدواییەدا هیچ گەورەییەكی بۆ نەماوەتەوە، قسەی زۆر خراپی لەسەر ئەمەریكا و ئەوروپا كردووە. لە كاتێكدا ئابوورییەكەی خەریكە لەناو دەچێت و خەڵكەكەشی تووشی ئازار و مەینەت بوون، بۆیە دەبێ خامنەیی ئاگای لە دەمی خۆی هەبێت و بزانێ چی دەڵیت."

رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارەكەی دوێنێی نوێژی هەینی لەسەر چالاككردنی میكانیزمی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی رێككەوتنی ناوكیی رەخنەی توندی لە هەڵوێستی بەریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا گرت و گوتی، "هەر دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی، من گوتبووم هیچ متمانەیەكم بەو وڵاتانە نییە چونكە سەرجەمیان لە خزمەتی ئەمەریكادان."

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەو هەرسێ وڵاتە ئەورووپییەكەی بە پاشكۆی ئەمەریكا هەژمار كرد و پێی گوتن، "ئەمەریكا گەورەی ئێوە بوو نەیتوانی ئێران بە چۆكدا بهێنێت، ئێوە كە بچووكترن چیتان پێ دەكرێت."

ئەو هەنگاوەی سێ وڵاتەكەی ئەوروپا دەستیان پێ كردووە، لەوانەیە ئەنجامەكەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران بێت و جگە لە سزاكانی ئەمەریكا سزاكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی بەدوادا بێت.

هەفتەی رابردوو بەریتانیا و فڕەنسا و ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە كرد، ئێران قۆناغ بە قۆناغ لە رێككەوتنی ناوكیی كشاوەتەوە و هەڵوێست و كردەوەكانی ئەو وڵاتە هۆكار بووە كە ئەوانیش هانا بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی چارەسەری ببەن.



وشە - سلێمان تاشان