داهێنه‌رى رێبازی رۆژنامه‌وانیی نوێ و دۆزه‌ره‌وه‌ى دیوه راسته‌قینه‌كه‌ى چیڕۆكی "هیرۆشیما"
به‌ر له 73 ساڵ، ئه‌وسا ته‌نیا یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵكردنى ئه‌و گه‌رده‌لووله تێپه‌ڕی بوو كه شارى هیرۆشیماى كاول و سه‌روبن كرد، هه‌روه‌ها ساڵێك به‌سه‌ر بڵاوكراوه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ده‌رباز بووبوو كه ده‌ڵێ، "ئامانجه‌كه له‌ژێر هه‌ورێكی چڕی خۆڵ و دووكه‌ڵدا ون بوو". به‌ڵام له ساڵی 1946دا مه‌ودا و بینینی ئامانجه‌كه جارێكی تر له روانگه‌ى راداره‌وه به‌دیار كه‌وته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌كرا ئه‌وه‌ش بزانرێ كه به راستی چی له‌و شاره رووی داوه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش له میانی ئه‌و راپۆرته‌ى كه سه‌تان هه‌زار ئه‌مه‌ریكی و سه‌تان هه‌زار خه‌ڵكی وڵاتانى تر خوێندیانه‌وه.
ناونیشانی ئه‌و راپۆرته یه‌ك وشه‌یه، ئه‌ویش "
هیرۆشیما"یه و (چیڕۆكی شه‌ش رزگاربووى كاره‌ساتی بۆمبه ئه‌تۆمییه‌كه) ده‌گێڕێته‌وه. راپۆرته‌كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌وان و رۆماننووس (جۆن هێرسی) ئاماده كراوه.
هێرسی یه‌كێك بوو له‌و چه‌ند رۆژنامه‌وانه بیانییانه‌ى له سه‌ره‌تا و نزیكه‌ى ساڵێك دواى بۆمبارانه‌كه خۆیان گه‌یانده ئه‌و شاره‌ى به بۆمبی ئه‌تۆمی وێران كرا و راپۆرته‌كه‌ى له گۆڤارى نیۆیۆركه‌ر له 31ى ئاب/ئۆگستسى ساڵی 1946 بڵاو كرایه‌وه، دواتر بوو به باشترین راپۆرتی رۆژنامه‌وانیی سه‌ته‌ى بیسته‌م و رێچكه‌یه‌كی نوێی له دنیای رۆژنامه‌ڤانیدا دامه‌زراند.
له‌و رۆژه‌دا گۆڤارى نیۆیۆركه‌ر بڵاو كرایه‌وه و له‌سه‌ر به‌رگی ده‌ره‌وه‌یدا وێنه‌ى چه‌ند هاووڵاتییه‌ك دانراوه كه خه‌ریكی كات به‌سه‌ربردنن له‌به‌ر تیشكی دره‌وشاوه‌ى خۆره‌تاو، ده‌وروبه‌ریان گشتی ره‌نگین و رازاوه‌یه، دایك و باوك له‌گه‌ڵ منداڵ و ئه‌ندامانى خێزان له كه‌یفوسه‌فادان. به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێوه‌ندی بێ به‌دی ناكرێ له نێوان ئه‌وه‌ى گۆڤاره‌كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه‌ى هه‌ردوو لێپرسراوی نووسین (هارۆڵد رۆس و ولیه‌م شۆ) دایانناوه.
چیڕۆكی هیرۆشیما، ئێسته و به‌ر له رووداوه‌كه
له ناوه‌وه‌ى گۆڤاره‌كه ده‌قێك هه‌یه كه مرۆڤ ده‌یخوێنێته‌وه تووشی شۆكێكی گه‌وره ده‌بێ، بریتییه له گێڕانه‌وه‌ى چیڕۆكی وێرانكردنی شارى هیرۆشیماى ژاپۆن به بۆمبی ئه‌تۆمی، به‌وه‌ش هه‌رزوو ئه‌و كه‌شه‌ى شادی و خۆشی كه له وێنه‌ى به‌رگه‌كه‌دا هه‌یه، ده‌بێته هه‌ڵم و هه‌ستێكی قووڵی یه‌كجار به ئازار شوێنى ده‌گرێته‌وه، وه‌ك بڵێی لێپرسراوانى نووسینی گۆڤاره‌كه به‌مه ویستوویانه رای بگه‌یه‌نن "چیڕۆكی هیرۆشیما، ئێسته و به‌ر له رووداوه‌كه".
رۆس و شۆ له پێشه‌كی راپۆرته‌كه‌ى جۆن هێرسی نووسیویانه، "بۆ خوێنه‌رانمان. گۆڤارى نیۆیۆركه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه هه‌موو ئه‌و رووبه‌ره‌ى هه‌یه‌تى بۆ راپۆرتێك ته‌رخانی ده‌كات له‌باره‌ى ته‌فروتوناكردنی شارێك به بۆمبی ئه‌تۆمى و ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی به‌سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌یدا هاتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕوایه‌ى كه ته‌نیا خه‌ڵكانێكی كه‌م له ئێمه ئاگادارى تواناى له راده‌به‌ده‌رى ئه‌و جۆره چه‌كه‌ین، بۆیه ئه‌م كاره‌ى ئێمه ده‌رفه‌ت بۆ هه‌ر كه‌سێك ده‌ڕه‌خسێنێ بیر له ده‌ره‌نجامه تۆقێنه‌ره‌كانى به‌كارهێنانى ئه‌و چه‌كه بكاته‌وه".
ئه‌م په‌ره‌گراف و بڕگه كورت و ساده‌یه، وه‌ك لید و به‌راهی بۆ ده‌قێك دانراوه كه له 31 وشه پێكهاتووه، بێجگه له "هیرۆشیما" كه ناونیشانه‌كه‌یه‌تى، هیچ وێنه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا نییه.
له سه‌ره‌تادا بڕیار بوو راپۆرته‌كه به چوار به‌ش بڵاو بكرێته‌وه، به‌ڵام لێپرسراوی نووسین ولیه‌م شۆ واى به باش زانی وه‌ك كارێكی ده‌گمه‌ن و نه‌كرده، ته‌واوى ژماره‌ى گۆڤاره‌كه بۆ رۆژی 31ى ئۆگستسی 1946 ته‌نیا بۆ تاقه راپۆرته نایابه‌كه‌ى جۆن هێرسی ته‌رخان بكات.
ئه‌وه‌بوو كارگێڕیی گۆڤارى نیۆیۆركه‌ر چه‌ند رۆژێك به‌ر له بڵاوكردنه‌وه، ده‌قی راپۆرته‌كه‌ى بۆ گرنگترین رۆژنامه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان نارد، خۆیشی توانى ته‌نیا له رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌یه، 300 هه‌زار دانه له گۆڤاره‌كه‌ى بفرۆشێ.
ده‌گوترێ (ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین) ویستوویه‌تى هه‌زار دانه‌ى گۆڤاره‌كه بكڕێ و به‌سه‌ر زانا هاوڕێكانى دابه‌شی بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌نشتاین ساڵی 1939 باسی بۆمبی Aى كردبوو، له‌و كاته ئه‌و جۆره چه‌كه نوێیه قسه‌وباسی زۆرى دروست كردبوو. له ساڵی 1946یش به‌هۆى ئه‌و راپۆرته جارێكی تر باسوخواسی ئه‌و بۆمبه‌ى ورووژانده‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له میدیاى ئه‌مه‌ریكایی و جیهانی ده‌نگی دایه‌وه.
به‌ڵام ئه‌و راپۆرته چ شتێكی جیاوازه له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كانى تر، ئێمه ئێسته هه‌موومان ده‌زانین هیرۆشیما چی به‌سه‌رهات و له‌وێ چی رووی دا و بۆمبی ئه‌تۆمی چ كاولكارییه‌كى بێ هاوتاى نایه‌وه. هه‌روه‌ها ئێسته ئێمه ژماره‌ى قوربانییه‌كانیش ده‌زانین و ئه‌و باجه‌شمان له‌به‌رچاوه كه سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌سه‌ر رووداوه‌كه‌دا، كه‌چی ساڵ به‌ساڵ شانی مرۆڤایه‌تى زیاتر داده‌ته‌پێنێ، به‌ڵام ئه‌وسا هیچ كه‌س ئه‌و راستییانه‌ى نه‌ده‌زانى و هیرۆشیما وه‌ك چیڕۆكێكی ته‌مومژاوی وابوو.
ئه‌گه‌رچی هیرۆشیما له ناوه‌نده میدیاییه‌كه وه‌ك چیڕۆكی شارێك ناسراو بوو، به‌ڵام وه‌ك چیڕۆكی خه‌ڵك و دانیشتووان هه‌میشه نامۆ و نه‌زانراو بوو، ئه‌و لایه‌نه‌ش به دیاریكراوى جێ بایه‌خی جۆن هێرسی بوو، كه خوێنه‌رانی گۆڤارى نیۆیۆركه‌ر توانییان له دووتوێی ئه‌و راپۆرته‌دا ورده‌كارییه‌كه‌ى بدۆزنه‌وه و هه‌ستی پێ بكه‌ن.
ده‌قه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌كات، "رێك له سه‌عات هه‌شت و 15 خوله‌كی به‌یانی رۆژی 6ى ئاب/ئۆگستسی 1945 به كاتی ناوخۆ، له‌و ساته‌وه‌خته‌ى بۆمبه‌كه به‌سه‌ر هیرۆشیمادا ته‌قییه‌وه، تۆچیكۆ سازاكی كچه فه‌رمانبه‌ر له به‌شی كرێكارانى كۆمپانیای ئێست ئیزاتن وۆركس، تازه گه‌یشتبووه ناو ئۆفیسه‌كه‌ى خۆی و ده‌یویست قسه له‌گه‌ڵ هاوكارێكی بكات"..
چیڕۆكه‌كه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێ، له سه‌ره‌تادا گۆڤارى نیۆیۆركه‌ر داواى له جۆن هێرسی كرد (كه ئه‌وسا له ژاپۆن ده‌ژیا) راپۆرتێكی له‌باره‌ى ئه‌و ته‌لار و خانووبه‌رانه بۆ ئاماده بكات كه له هیرۆشیما به‌هۆی بۆمباكه كاول و وێران بووبوون. به‌ڵام هێرسی نووسه‌رى راپۆرت دیدارى له‌گه‌ڵ شه‌ش كه‌س له قوربانیان ساز دا و بڕیاری دا چیڕۆكه‌كانیان بگێڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ ورده‌كارى و باسوخواسی ساته‌وه‌ختى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبه ئه‌تۆمییه‌كه، گرتنه‌به‌رى شێوازێكی له‌مجۆره بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتی رۆژنامه‌وانی نه‌ك هه‌ر ده‌گمه‌ن بوو، به‌ڵكو هه‌ر باوى نه‌بوو.
جۆن هێرسی له ساڵی 1914 له تیانجن له چین له‌دایك بووه، ته‌مه‌نی 10 ساڵ بوو ئه‌وێی به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا به‌جێهێشت له‌گه‌ڵ دایك و باوكی كه له خزمه‌ت نێرده‌یه‌كی ئاینجاڕی ته‌بشیری كاریان ده‌كرد، هێرسی ئه‌وسا به‌ر له زمانی ئینگلیزی له‌و ته‌مه‌نه فێری زمانی چینی بووبوو.
دواتر له زانكۆی ییڵ خوێندی و پاشان بووه ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نهێنی به‌ناوى "كه‌له‌سه‌ر و ئێسك"، دواجار له كامبرێج به‌رده‌وامى به خوێندن دا.
له ساڵی 1937 ته‌مه‌نی جۆن هێرسی بووه 23 ساڵ و به‌ره‌به‌ره مه‌یلی نووسینی له‌لا چه‌كه‌ره كرد، ئه‌وه‌بوو كارێكی دۆزییه‌وه وه‌ك سكرتێرى تایبه‌تى نووسه‌ر سنكلیر لویس كه یه‌كه‌مین نووسه‌رى ئه‌مه‌ریكاییه خه‌ڵاتى نۆبڵی وێژه‌ى وه‌رگرتووه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى گرنگی و ناوبانگی ئه‌و نووسه‌ره، هێرسی حه‌زی له كاره‌كه‌ی نه‌كرد و له پایزی هه‌مان ساڵ له رۆژنامه‌ى تایم كاری كرد و به گوتارێكى ره‌خنه‌یی دژ به رۆژنامه‌كه ده‌ستبه‌كار بوو.
دواى دوو ساڵ له‌و كاره‌ى، پێوه‌ندی به نووسینگه‌ى شونگبینگ كرد له چین كه وه‌ك په‌یامنێر له‌وێ كاریان بۆ بكات و له‌و ماوه‌یه له‌سه‌ر جه‌نگ و چیڕۆك و نه‌هامه‌تییه‌كانى شه‌ڕ بابه‌تى رۆژنامه‌ڤانی ئاماده ده‌كرد.
ساڵی 1945، جۆن هێرسی "زه‌نگێك بۆ ئادانۆ"ى بڵاو كرده‌وه كه چیڕۆكی ئه‌فسه‌رێكی ئیتاڵی ئه‌مه‌ریكی له سقڵیه ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن توانیویه‌تی له رۆژگارى جه‌نگی جیهانی دووه‌م رێز و خۆشه‌ویستی دانیشتووانى شارۆكه‌ى ئادانۆ به‌ده‌ست بێنێ، به‌وه‌ى كه یارمه‌تییان ده‌دات زه‌نگێك بۆ كه‌نیسه‌كه‌یان وه‌ده‌ست بخه‌ن و له شوێنى زه‌نگه كۆنه‌كه‌ى دابنێن، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانی فاشی ئه‌وسا ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و زه‌نگه كۆنه‌ى كه‌نیسه‌دا گرتبوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زه‌نگه كۆنه‌كه ته‌مه‌نى 700 ساڵ بووه، كه‌چی فاشییه‌كان بردوویانه و تواندوویانه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له پیشه‌سازیی چه‌كدا به‌كاری بێنن. جۆن هێرسی به‌هۆی ئه‌و رۆمانه‌ى خه‌ڵاتى پوڵتیزارى به‌ده‌ست هێنا.
دواى ئه‌وه به ساڵێك "هیرۆشیما" بڵاو كرایه‌وه كه ده‌قێكی شۆكئامێز و به ئازاره و وه‌سفێكی یه‌كجار وردى قوربانیانی مه‌رگه‌ساتى بۆمبارانه ئه‌تۆمییه‌كه ده‌كات، تێیدا ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن سه‌ره‌تا خوێنپژان له پووكه‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات.
هێرسی ده‌نووسێ، "ژماره‌ى خڕۆكه سپییه‌كانى خوێن كه‌م ده‌بنه‌وه و مولووله‌كانى خوێن له پێست له‌و شوێنانه‌ى جه‌سته ده‌ته‌قنه‌وه كه لینجه توێژاڵی لێیه. هه‌ڵبه‌ت كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى خڕۆكه سپییه‌كانیش ده‌بێته مایه‌ى نه‌مانى توانستى له‌ش و به‌رگه‌نه‌گرتنی هه‌وكردنه‌كان".
ئه‌مه و بێجگه له قوربانیان، جۆن هێرسی وه‌سفی شارێك ده‌كات كه چۆن ره‌نگه‌كانى له ده‌ست داوه. ئه‌و ده‌نووسێ "ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ى بۆمبه‌كه به‌سه‌ر دارودیواره‌كانه‌وه به‌جێی هێشتووه، بریتین له سێبه‌رى ئه‌و شتانه‌ى تیشكیان به‌ركه‌وتووه (...) و هه‌رزوو ئه‌وه به‌دی ده‌كه‌ین كه وێنه‌گه‌لێكی ئێسكه‌په‌یكه‌ر به‌سه‌ر دیواره‌كانه‌وه هه‌ن له شێوه‌ى خێوى نه‌رێنی". ئه‌وسا هێرسی نه‌یده‌زانى كه رۆمانه‌كه‌ى بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ دواى رووداوه‌كه ده‌بێته ژێده‌ر و لێڤه‌گه‌ڕ، به‌وه‌ى ده‌قێكی داهێنا و توانى راستیی و ره‌گ و ده‌مارى ئه‌و مه‌رگه‌ساته بۆ هه‌موو دنیا كه‌شف بكات كه به‌سه‌ر هیرۆشیمادا هات.
جۆن هێرسی شێوازێكی جیاوازى داهێنا بۆ گێڕانه‌وه‌ى چیڕۆكه‌كانى شارى خاپووركراو و دانیشتووانه‌كه‌ى، ئه‌ویش گرتنه‌به‌رى شێوازى رۆمان بوو له گێڕانه‌وه و تێكڕاى ئه‌و ره‌گه‌زه هونه‌رییانه‌ى له‌ناو ده‌قی رۆمان‌دا بوونیان هه‌یه، ئه‌و شێوازه له‌و سه‌رده‌مه‌دا باو نه‌بوو و كه‌س ئه‌زموونى نه‌كردبوو، دواتر له دنیای رۆژنامه‌ڤانیی نووسراودا به "رۆژنامه‌ڤانیی نوێ" ناونرا.
ئه‌م گوزارشته ئاماژه بۆ گرتنه‌به‌رى شێوازی رۆمان‌نووسین ده‌كات له رووی گێڕانه‌وه‌ى چیڕۆكگه‌لێك له میانی ریپۆرتاجێكی رۆژنامه‌ڤانیی كه له‌وانه‌یه هه‌ندێك جار دید و بۆچوون و ده‌مه‌ته‌قێ و گفتوگۆی جیاواز له‌خۆ بگرێ.
ئه‌م شێوازه له كۆتایی شه‌سته‌كانى سه‌ته‌ى رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌لایه‌ن هه‌ندێ كه‌سه‌وه له ئه‌مه‌ریكا پێڕه‌و كرا، له‌وانه‌ش تۆم وۆڵف، ترۆمان كاپوت، نۆرمان میله‌ر و هه‌نته‌ر ئیس تۆمپسۆن. به‌ڵام ره‌گ و سه‌ره‌تاى رۆژنامه‌ڤانیی نوێ له 31ى ئابی ساڵی 1946 له‌سه‌ر ده‌ستى جۆن هێرسی چه‌كه‌ره‌ى كرد.
له‌و راپۆرته‌دا هێرسی ده‌نووسێ، "به خامه‌ى رۆژنامه‌ڤانێك ویستی تێ‌بگا ....." سه‌تان هه‌زار كه‌س به بۆمبێكی ئه‌تۆمی گیانیان له ده‌ست دا، ئه‌وانه‌ى له ژیاندا مانه‌وه ده‌پرسن بۆچی زۆر خه‌ڵكی تر مردن، بۆچی ئه‌وان هێشتا له ژیاندا ماون؟".
وه‌رگێڕان/ ئه‌مین بۆتانی