بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان، كاریگه‌ریی خستووه‌ته سه‌ر هاوكاریی هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه و به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ئێسته به‌شێوه‌ی كاتی هاوپه‌یمانان له چاكسازیی پێشمه‌رگه و مه‌شق و ڕاهێنانه‌كان كشاونه‌ته‌وه. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه نایشارێته‌وه كه "ئه‌و بڕیاره كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێشمه‌رگه ده‌بێت".
له كاردانه‌وه‌ی كوژرانی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی پاسداران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، په‌رله‌مانی عێراق پڕۆژه‌بڕیاری ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كانی په‌سند كرد، به‌و هۆیه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر هاوكاریی هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه دروست بووه، چونكه هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه تا ئێسته‌یش به‌شێوه‌یه‌كی سیادییه و ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانه‌كان بكشێنه‌وه، هێزی پێشمه‌رگه به‌ر ئه‌و زیانه ده‌كه‌وێت.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی "وشه" له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ستی خستوون، هه‌ر رۆژێك دوای بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، هاوپه‌یمانان له كاركردنی رۆژانه‌یان له‌سه‌ر چاكسازیی پێشمه‌رگه و مه‌شقه‌كانیان بۆ هێزه جیاوازه‌كانی كوردستان، ڕاگرتووه.
به‌ڵام ئه‌وه‌یان گوتووه كه ئه‌و پاشه‌كشه‌یه كاتی ده‌بێت و به‌پێی هه‌لومه‌رج و بارودۆخه‌كه، دوای یاساكه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری ده‌ست پێكردنه‌وه یان كۆتاهێنانی ته‌واوه‌تی به كاره‌كانیان ده‌ده‌ن.
هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كه ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات، جگه له‌وه‌ی مه‌شق و ڕاهێنانی به‌رده‌وامیان به هێزی سه‌ربازیی كوردستان هه‌بوو له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، هاوكات ژماره‌یه‌ك وڵاتیان وه‌ك ئه‌مه‌ریكا، فڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا، له پڕۆژه‌یه‌كی ٣٥ خاڵیدا سه‌رقاڵی یه‌كخستنه‌وه و چاكسازی له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانن. هاوكات ئه‌مه‌ریكا مانگانه ٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه ده‌داته حكوومه‌تی هه‌رێم.
ناسر هه‌ركی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق، به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند كه ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه دروست ده‌كات، چونكه ئێسته ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان هاوكارییه‌كی ته‌واوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، هه‌م له ڕووی مه‌شق و ڕاهێنانه‌وه، هه‌م له ڕووی دارایی و هاوكاریی تریش له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان و چاكسازی و گۆڕینی سیستمی سه‌ربازی كوردستان.
هه‌ركی زیاتر گوتی، "پرسی پێشمه‌رگه و سوپا پرسێكی سیادییه، هه‌ر بڕیارێك عێراق بیدات و هاوپه‌یمانان بكشێنه‌وه، هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م حكوومه‌ته كاربه‌ڕێكه‌ره و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی نه‌ماوه، بۆیه ناتوانێ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ناچار به كشانه‌وه له عێراق بكات."
هه‌ر رۆژێك دوای په‌سندكردنی بڕیاری ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق، هاوپه‌یمانان كاره‌كانیان راگرت، ئه‌گه‌رچی كورد ده‌نگی به‌و بڕیاره نه‌داوه
ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان تا ئێسته له پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بێلایه‌ن بووه و له په‌رله‌مانی عێراقیش ده‌نگی به‌و پڕۆژه‌یاسایه نه‌دا، به‌ڵام به‌تایبه‌ت له پرسی پێشمه‌رگه و سه‌ربازیدا، هه‌ر بڕیارێك له عێراقه‌وه بدرێت، سه‌رانسه‌ری ده‌بێت. چونكه هاوپه‌یمانان هه‌ر مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكارییه‌ك بۆ هه‌ر هێزێكی ناو عێراق بیكه‌ن، به ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌یكه‌ن.
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر عێراق توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوو هه‌موو پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان به‌كۆتا بێنێت، ئه‌وا پێوه‌ندیی هاوپه‌یمانانیش له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌وه‌ستێت، چونكه پرسی سه‌ربازیی سیادییه و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدایه.
یاوه‌ر بۆ "وشه" زیاتر ده‌ڵێ، "به‌ڵام ئه‌م حكوومه‌ته‌ی ئێسته‌ی عێراق كاربه‌ڕێكه‌ره و توانا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه هیچ ڕێككه‌وتنێك هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بدات."
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تا ئێسته یه‌ك نه‌خراوه و جیا له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، هه‌ریه‌ك له پارتی و یه‌كێتی هێزیان هه‌یه به‌ناوی یه‌كه‌ی 70 و 80، به‌ڵام مووچه و پێداویستییان حكوومه‌تی هه‌رێم دابینی ده‌كات، به‌شی سه‌ره‌كی چاكسازیی یه‌كخستنی ئه‌و هێزانه بوو له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تدا.