خۆپێشاندانەكانی عێراق پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن

:: PM:03:57:18/01/2020 ‌

شەوی رابردوو خۆپێشاندەران لە بەغدا جموجۆڵیان تێكەوت و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان لەپردی سنەك رووی دا و كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، ئەوەش هاوكاتە كە سبەی ئەو وادەیە كۆتایی دێت خۆپێشاندەرانی ناسڕییە دیاریان كردووە بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی سەربەخۆی سەرۆك وەزیران، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دووشەم خۆپێشاندانەكان فرەوانتر و توندتر دەست پێ بكەنەوە.
دووشەم خۆپێشاندانی فرەوان دەست پێ دەكاتەوە
دوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی مەهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی سەعبی لە عێراق، شێوەی رووبەڕووبوونەوەی میلیشیا و پارتە سیاسیەكانی سەر بە ئێران گۆڕا، بەو پێیەش ئەو هێزانە خۆیان بە گەورەترین فراكسیۆن دەزانن و دیاریكردنی سەرۆك وەزیران بە مافی خۆیان دادەنێن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت كەسایەتییەكی نزیك لە خۆیان و بەدەر لە ویستی خۆپێشاندەران بسەپێنن و كۆتایی بەو پرسە بێنن.   

ئەمڕۆ شەموو خۆپێشاندەرانی پارێزگای زیقاڕ داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد بۆ تاوانباركردنی حكوومەتە دوای یەكەكانی عێراق لە 2003ەوە تا 2020، سەرچاوەیەك لەوبارەوە روونی كردەوە، خۆپێشاندەرانی زیقاڕ داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش كرد بۆ پاراستنی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز لە كوشتن و رفاندن.

لەوكاتەی سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە خۆپێشاندەرانی ناسڕییە دەستیان بە ئامادەسازی كردووە بۆ دوای كۆتاهاتنی ئەو وادەیەی بۆ هێزە سیاسییەكانیان دیاری كردووە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەوان تایەی بەكارهاتووی ئۆتۆمبێلیان لەسەر پردی حەزارات كۆ كردووەتەوە.

حوسێن غورابی، چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی زیقاڕ دوێنێ هەینی رای گەیاند كە ئەوان وادی دیاریان كردووە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران درێژ ناكەنەوە كە سبەی یەكشەم كۆتایی دێت و هەموو پارێزگاكان لەسەری كۆكن و دوای كۆتاهاتنی پەرەسەندنی جموجۆڵی ناڕەزایەتی فرەوانتر دەبێت.   









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل