حزبەكەی داود ئۆغڵو لە هەڵبژاردن دوور خرایەوە

:: PM:05:40:18/01/2020 ‌
بە پاساوی نەبوونی مەرجی پێویست بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردن پارتەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵوی دوور خستەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی كانوونی دووەم، ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا، لیستی ئەو حزبانەی بڵاو كردەوە كە مەرجەكانی بەشدارییان تێدایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە.

بەپێی لیستەكە بێت، 15 حزبی سیاسی مافی بەشدارییان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بەمەش پارتی داهاتوو كە بەمدواییە ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشتری توركیا دایمەزراند، مافی بەشداریكردنی نابێت.

 بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردن بێت، بە پاساوی نەبوونی مەرجی پێویست بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو، پارتەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵو دوور خراوەتەوە.

حزبەكەی داوود ئۆغڵۆ لە سەرەتای مانگی رابردوو دامەزراوە، بەمەش مافی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو نابێت


"ئەو حزبانەی شەش مانگ پێش هەفتەی دووەمی ئەم مانگە دامەزراون، مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردن نابێت، تەنیا ئەوانەی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە نیوەی ناوەندەكانی هەڵبژاردنی توركیا كە 81 ناوەندە، بەشدارییان كردووە، لیستی هەڵبژاردنیان دەبێت". لە بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردن وەها هاتووە. 


ئەو مەرجە بە روونی بەئامانجگرتنی پارتەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵو دەگرێتەوە كە ركابەرێكی سەرسەخستی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیایە.

پارتی داهاتوو لە 13ـی كانوونی یەكەمی رابردوو بە فەرمی خۆی تۆمار كردووە و 154 كەسایەتی دامەزرێنەری ئەو حزبەن كە بەشێكیان لە بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانن.



وشە - فه‌رمان سادق