ئەردۆغان: رێگەچارەی ئاشتی لە لیبیا بە توركیادا تێپەڕ دەبێت

:: PM:06:07:18/01/2020 ‌

پێش ماویەكی كەم لە دەست پێكردنی كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەرلین تایبەت بە چارەسەركردنی تەنگژەی لیبیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا خۆی بەسەر هەر چارەسەرێكی تەنگژەی ئەو وڵاتە دەسەپێنێت، ئەو دووپاتی كردەوە كە رێگەچارەی ئاشتی لە لیبیا بە توركیادا تێپەڕ دەبێت.
سبەی كۆنگرەی بەرلین سەبارەت بە لیبیا ساز دەكرێت
تەنگژەی لیبیا نۆ ساڵە بەردەوامە، كاتێك دوای راپەڕینێكی فرەوانی جەماوەری ئەو وڵاتە لەچوارچێوەی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی موعەمەر قەزافی سەرۆكی لیبیایان رووخاند و دوای ئەوە قۆناغێك لە ململانێ و جەنگی دەسەڵات لەنێوان گرووپە توندڕۆكان و چەند هێزێك بە پاڵپشتی دەرەكی دەستی پێ كرد و تا ئێستە كۆتایی نەهاتووە.

ئەردۆغان لە وتارێكی لە ماڵپەڕی "پۆلیتیكۆ"ی ئەمەریكی بەناونیشانی "رێگەچارەی ئاشتی لە لیبیا بە توركیادا تێپەڕ دەبێت"، بڵاو كراوەتەوە و تیایدا نووسویەتی، توركیا كلیلی كۆتاهاتنی توندوتیژی و سەرەتای دەست پێكردنی ئاشتییە لە لیبیا، ئەو هەڕەشەیەكی روونی لە ئەوروپاییەكان كرد بەوەی ئەگەر حكوومەتی فایز سەراج كە لە تەرابلووسە و توركیا پاڵپشتی سەربازی لێ دەكات، ئەگەر بكەوێت، ئەوە ئەو كیشوەرە رووبەڕووی كۆچ و تیرۆر دەبێتەوە.  

بڕیارە سبەی یەكشەم لە بەرلین كۆنگرەی نێودەوڵەتی لەبارەی لیبیا بە بەشداری هەموو هێزە ناوچەییەكان و نێودەوڵەتی پێوەست بەو تەنگژەیە و هەردوو لایەنی شەڕكەر لە لیبیا حكوومەتی فایز سەراج و جەنەراڵ خلیفە حەفتەر، سەركردەی سوپای نیشتمانی لیبیا كە گەمارۆی تەرابلووسی پایەتەختی داوە.

لای خۆیەوە روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاشكرای كرد كە ژمارەی ئەو چەكدارانەی گرووپە توندڕۆكانی سووریا كە توركیا بۆ تەرابلووسی گواستوونەتەوە بۆ پارێزگاریكردنی لە حكوومەتی فایز سەراج گەیشتوونەتە 3660 كەس و بەوەش توركیا سوورە لەسەر دەستوەردانی سەربازی لە لیبیا و ئەوان گرێبەستی شەش مانگیان كردووە لەبەرانبەر مووچەی دوو هەزار دۆلاری مانگانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل