سەدر و عامری كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكلا دەكەنەوە

:: PM:06:29:18/01/2020 ‌

پەرلەمانتارێكی شیعە ئاشكرای كرد كە هەریەك لە موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح"، لە پێوەندی بەردەوامدان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و كۆتاهێنان بەو پرسە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.
ئەم هەفتەیە ناوەكان دەدرێنە سەرۆك كۆماری عێراق
كەریم محەمەداوی ئەمڕۆ شەموو رایگەیاند، ئاماژە بۆ یەكلابوونەوەی پرسەكە و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەماوەی ئەم هەفتەیە یان تۆزێك دوای ئەوە دەركەوتووە و ئاماژەی كرد كە دوای یەكگرتنەوەیان، ئەو پرسە لەنێوان هەموو هێزە شیعەكان تەوافوقی لەسەر كراوە. دووپاتی كردەوە، چوار كاندید دەخرێنە پێش سەرۆك كۆمار بۆ دیاریكردنی كەسێكیان كە ئەوان نوێ و سەربەخۆ و قبووڵكراون لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە.

پێشتر محەمەد خالدی سەرۆكی هاوپەیمانی "بەیارق ئەلخەیر"، رای گەیاند كە كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیران سەربەخۆیە و لای خۆپێشاندەران قبووڵ كراوە، ئەو روونی كردەوە كە هەر كاندیدێك دەبێت رەزامەندی چوار لایەن بەدەست بیچنێت لەوانە گردبوونەوەی 170 پەرلەمانتارەكە و مەرجەعیەت و هێزە سیاسییەكان و خۆپێشاندەران، ئەو دووپاتی كردەوە كە محەمەد تۆفیق عەلاوی زیاترین چانسی هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل