پەرلەمانتارێك هۆكاری رەواننەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان ئاشكرا دەكات

:: PM:06:56:18/01/2020 ‌
سێ مانگ بەسەر كاتی ناردنی بۆ پەرلەمان تێ دەپەڕێت، عادل عەبدولمەهدی لە بریی رەوانكردنی پڕۆژەی بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان، دەستی لە پۆستەكەی هەڵگرت و رای گەیاند، حكوومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی ناردنی بودجەی بۆ پەرلەمان نییە. پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دەڵێ، 48 ترلیۆن كورتهێنان و نەبوونی دەلیڤەیەك بۆ دەرچوون لێی، هۆكاری سەرەكییە لە نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان.

ئەمڕۆ شەموو 18ی كانوونی دووەم، شێروان میرزا پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بوونی كورتهێنانێكی گەورە و زیادكردنی ژمارەی مووچەخۆران و بەڵێنە گەورەكانی حكوومەت بە خۆپێشاندەران، سێ هۆكاری سەرەكین لە رەواننەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان.

لە عێراق 10 ترلیۆن دینار پارەی مووچەخۆران زیادی كردووە


شێروان میرزا، دووپاتی لەوە كردەوە، بودجەی 2020، نزیكەی 48 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە و حكوومەتیش هیچ پلانێكی نییە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە، جگە لەمە یەكێك لە مادەكانی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە پێوەندارە بە مووچەی فەرمانبەران كە بە بڕی 10 ترلیۆن دینار مووچەكانیان زیادی كردووە، گەڕانەوەی دوورخراوەكان لە خزمەت بەتایبەت پۆلیس و سەربازانی سوپا كە ژمارەیان نزیكەی 150 هەزار كەس دەبن، یەكێك لە هۆیەكانی زیادبوونی ئەو 10 ترلیۆنە بۆ سەر كۆی گشتی ئەو بڕەی بۆ مووچەخۆران تەرخان دەكرێت.

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی یاسایی لە كاتێكدایە كە عادل عەبدولمەهدی دوای دەستلەكاركێشانەوەی رای گەیاند، حكوومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ پەرلەمان نییە.

شێروان میرزا گوتی "ئەمە دیوە سیاسییەكەیەتی، چونكە زۆرینەی پەرلەمانتاران ئەو پڕۆژەیەیان رەت دەكردەوە بۆیە سەرۆك وەزیران نەینارد، نەیویست لەوە زیاتر رووبەڕووی رەخنە ببێتەوە، چونكە لە پڕۆژەكەدا هیچ دەلیڤەیەك بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە نییە".

زیاتر گوتی "ئەو هەموو بەڵێنەی بە خۆپێشاندەرانی داوە، یەكێكی ترە لە هۆكاری نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان، چونكە هیچ مادەیەكی دەستووری و یاسایی  نییە رێگر بێت لە ناردنی بودجە جگە لە رێنمایی نەبێت، هاوكاتی ئەوەش لە عێراقدا بە ئاشكرا دەستوور پێشێل دەكرێت و رێزی لێ ناگیردرێت تا بۆ پرسی بودجە رێزی لێ بگیردرێت".

جێی بیرخستنەوەیە، هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر پشكی حكوومەتی هەرێم لە بودجەی 2020 رێككەوتنیان كردووە و واژوو كراوە و لە بودجەی 2020ـیش جێگیر كراوە كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەنگی پێدراوە، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی، بڕیاری دا كە پڕۆژەكە رەوانەی پەرلەمان نەكات، هەندێكیش پێیان وایە دەیەێوت یارییەكە سەرۆك وەزیران تۆپەكەی خستووەتە گۆڕەپانی حكوومەتی داهاتوو.


وشە - فه‌رمان سادق