ئاڵۆزی دەكەوێتە دەوروبەری پەرلەمانی لبنان

:: PM:07:02:18/01/2020 ‌

خۆپێشاندانەكانی لبنان هاوكات لەگەڵ تەنگژەی پێكهاتنی حكوومەتی نوێی ئەو وڵاتە بەردەوامە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە دەوروبەری پەرلەمانی لینان، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە بەیرووتی پایەتەخت رووی دا.
خۆپێشاندەران داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت دەكەن
خۆپێشاندانەكانی لبنان هاوكات لەگەڵ ئەوەی عێراق لەدژی حكوومەتی ئەو وڵاتە بەهۆی خراپیی خزمەتگەزارەكان و دۆخی ئابووری و بێكاری و گەندەڵی دارایی و كارگێڕی دەستی پێ كرد و جەماوەری ئەو وڵاتە لە بەیرووت و شارە گەورەكان داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەتیان كرد و هێزە سیاسییەكانیان بە گەندەڵی و هۆكار بۆ ئەو دۆخەی ئەوان تۆمەتبار كرد، بۆیە دوای مانگێك لەو بزاوە ناڕەزایەتییەی ئەوان حكوومەت دەستی لەكار كێشایەوە و تا ئێستە حكوومەتی نوێ پێك نەهاتووە.

بەپێی هەواڵەكان لە دەوروبەری پەرلەمان بەیرووتی پایەتەخت، هێزە تەناهییەكان ئاو و گاوزی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران بەكار هێناوە و ئەوانیش بەردبارانی هێزە تەناهییەكانیان كردووە و تا ئێستە رووبەڕووبوونەوە بەردەوامە. 

ئەو خۆپێشاندانانەی ئەمڕۆ بۆ دووپاتكردنەوەی خواستی جەماوەرە بە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتێكی سەربەخۆ و باشتركردنی دۆخی ئابووری وڵات كە 90 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەكانی لبنان تێپەڕ دەبێت.

لەوكاتەی پێنجشەمی رابردوو رێكخراوی مافی مرۆڤ ئاماژەی كرد كە پۆلیسی دژ بە توندوتیژی لبنان پەنا بۆ هێز دەبات بۆ بڵاوە پێكردنی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز و دەیانگرێت، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان بكرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل