خۆپێشاندەرانی عێراق: بەرەبەیانی دووشەمی داهاتوو دەست پێ دەكەین

:: PM:07:32:18/01/2020 ‌

مانگرتووانی پارێزگای واست هەنگاوی داهاتوویان بۆ رۆژی دووشەم، واتە دوای وادەی بۆ هێزە سیاسییەكانیان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئاشكرا دەكەن بەوەی دۆخەكە پەرە دەستێنێت، خۆپێشاندەرانی بەغدا و بەسڕەیش پابەندبوونیان بەو وادەیە دووپات دەكەنەوە.
رێگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و شەقام و قوتابخانە و زانكۆكان دادەخرێن
هەفتەی رابردوو خۆپێشاندەرانی ناسڕییە وادەیەكی كاتیان بۆ هێزە سیاسییەكان دیاری كرد بۆ دیاریكردنی كاندیدی حكوومەت بەمەرجی خۆپێشاندەران و رایان گەیاند كە تا 19ی ئەم مانگە رادەوەستن و دوای ئەوە ناڕەزایەتییەكان زۆر فرەوان دەكەن و رێگە و شەقامەكان دادەخەن، هاوكات خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و بەسڕە و شارەكانیتریش پابەندیان بەو وادەیە دووپات كردەوە.

وەك لە بەیاننامەیەكی خۆپێشاندەرانی واستدا هاتووە، بەناوی خوای شەهیدان و شۆرشگێڕانەوە، گەلی عێراقی خۆشەویست، هیچ دەنگێگ بەرزتر نییە لە دەنگی گەل كاتێك لەدژی گەندەڵ و نۆكەری و لاگیرییەوە رادەپەڕێت كە خەونی گەنجەكانی دزیوە، حكوومەت و حزبەكانی دەسەڵات تا ئێستە سوورن لەسەر ئەولا ئەولاكردن و كاتكوشتن و رێزنەگرتنی خواستی گەلی عێراق كە داوای حكوومەتێكی نیشتمانی و ئازاد دەكات.

دەركەوتووە كە ئەو دەستە سیاسییە گەندەڵە تەنیا گوێ بە بەرژەوەندی خۆیان و ئاغاكانیان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەدەن، بەر لە چەند رۆژێك شۆرشگێڕانی ناسڕییە وادەیەكی حەوت رۆژەیان بۆ حكوومەت و حزبەكان دیاری كرد بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی گەل، ئەگینا دەست بە پەرەسەندنێكی بێوێنەی دۆخەكە دەكەن كە بەرەبەیانی دووشەم 20/1/2020 كۆتای دێت و مانگرتووانی هەموو پارێزگاكان بەو وادەیە پابەندن، بۆیە داوا لە هەمووان دەكەین پاڵپشتیمان بكەین بۆ ناچاركردنی حكوومەت و پارتەكان بۆ جێبەجێكردنی داواكاری گەل.

سەبارەت بە هەنگاوی داهاتوویان وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، رێگەی نێوان پارێزگاكان دێتە گرتن و هەنگاوی تریش پێڕەو دەكرێت كە ئەوكات رادەگەیەنرێت، سەبارەت بە پارێزگای بەسڕە ئەبو عەلی مالكی، رێكخەری خێوەتەكانی مانگرتن لەو پارێزگایە دەڵێت، بژارەكانی خۆپێشاندەرانی بەسڕە هەمان بژارەی خۆپێشاندوەرانی ناسڕیەیە و سبەی یەكشەم كۆتا رۆژی وادەی ئەو وادەیە، بۆیە هەموو رێوشوێنەكان لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەو وادەیە وەرگیراون.

لای خۆیەوانەوە خۆپێشاندەرانی بابل لە بەیاننامەیەكدا پابەندی خۆیان بە دوا وادەی ناسڕییە دووپات كردەوە و ئەوان هەنگاوەكانیان بۆ پەرەسەەندنی دۆخەكە لەو پارێزگایە دیاری كردووە بەوەی هەموو رێگە دەرەكییەكان و پردەكان و شەقامە سەرەكییەكان و فەرمانگە حكوومەتییەكان و قوتابخانە و زانكۆكان دادەخەن.

ئەمە و هەفتەی رابردوو خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر پاڵپشتیی خۆیان بۆ وادەی دیاریكراو لەلایەن خۆپێشاندەرانی ناسڕییە بۆ حكوومەت و حزبەكانی دەسەڵات لە عێراق دەبڕی بۆ جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران و شەقام.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل