ڕه‌نگ پێمان وا بێت، داكۆكیكردن له مافی ژنان و بانگه‌شه‌ی فیمینسته‌كان و په‌یامی یه‌كسانیی جێنده‌ری، بابه‌تێكی نوێ بن له‌ناو گه‌لاندا، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌م زانیارییه باس بكه‌ین، ڕه‌نگه ڕاست بێت، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌یش ناگه‌یه‌نێ له سه‌رده‌مه‌كانی پێش دروستبوونی ئه‌م ته‌وژمانه‌ی بۆ مافی ئافره‌ت دروست بوون، كه‌سانی وه‌ك ماری ئه‌ستل نه‌بووبن. ماری كێیه؟
ئه‌گه‌رچی زۆر ناوه‌كه‌ی به‌ربڵاو نه‌بووته‌وه، به‌ریتانییه‌كان پێیان وایه، ماری ئه‌ستن یه‌كه‌م ژنه كه په‌یامی فیمینزمی به‌رز كردبێته‌وه و بیرۆكه‌كانیشی هه‌مووی نووسیبێته‌وه و به‌ره‌نگاری فه‌یله‌سووفه‌كانی سه‌رده‌می خۆیشی بووبێته‌وه.
ماری به زمانێكی قووڵ و سه‌رنجڕاكێش و سڕكه‌ر، دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناهه‌مواری ژنانی سه‌رده‌می خۆی نووسیوه كه ته‌نانه‌ت له مافی فێربوونی نووسین و خوێندنه‌وه‌یش بێبه‌ش كراون و له‌لایه‌ن باوك و پاشان مێرده‌وه سه‌رپه‌شتیی كراون و به ستایشی فیروخوازانه وه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی "ڕه‌گه‌زی ناسك" یان "ئێوه خوا ئیشێكی گه‌وره‌تری پێ سپاردوون كه به‌خێوكردنی منداڵ و به‌ڕێوه‌بردنی ماڵه" ناچار كراون له ماڵه‌كاندا گیر بكرێن. ماری له‌و سه‌رده‌م و ژیانه‌دا گه‌وره بووه، كه‌چی توانی به كۆششی خۆی و كۆڵنه‌دانه‌كانی ببێته فه‌یله‌سووف و ڕێنمایكارێكی گه‌وره و نووسه‌رێكی به‌سه‌لیقه و ئه‌و ناسناوهیشی پێ ببڕێ كه یه‌كه‌م ژن بووه به قه‌ڵه‌م و بۆچوونه‌كانی یه‌كسانیی ژن و پیاوی بڵاو كردووه‌ته‌وه.
ماری ئه‌ستل، ساڵی 1666 له شاری نیوكاسڵ له‌دایك بووه، له خانه‌واده‌یه‌كی ناسراوی پله‌ناوه‌ند بووه كه بازرگانی ڕه‌ژوو بوون. هه‌رگیز نه‌نێردراوه‌ته به‌ر خوێندنی فه‌رمی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی مامێكی قه‌شه‌ی هه‌بووه، له ماڵه‌وه فێری خوێندنه‌وه و نووسینی كردووه. ساڵی 1978 كاتێك هێشتا 12 ساڵان بووه، باوكی ده‌مرێ، ئه‌مه‌یش بۆی ده‌بێته گه‌وره‌ترین كاره‌سات و كاریگه‌ریی ده‌روونیشی لێ ده‌كات. له‌و كاته‌وه له‌گه‌ڵ دایكی له ماڵی مامی ده‌ژین. دوای ساڵێك، مامیشی ده‌مرێ، ئه‌مه‌یش واته چیتر كه‌س نییه ده‌ستی بگرێ و هیچ هیوایه‌كیشی نامێنێ. به‌ڵام ئایا ماری كه ئێسته ته‌مه‌نی 13 ساڵه، وازی هێنا؟
رۆت پێری كه بۆ یه‌كه‌م جار ساڵی 1986 كتێبێكی له‌سه‌ر ژیانی ماری نووسیوه پێی وایه، دوای مردنی مامی كه ئیتر هیچ پیاوێك له‌ناو ماڵیاندا نامێنێ، هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی بۆ دروست ببێ كه ژنیش ده‌توانێ به‌بێ ئه‌وه‌ی پشتی به هێز و بازوو یان ئه‌قڵی پیاو ببه‌ستێ، هه‌موو كاره‌كانی بكات، بگره بۆ ئه‌وه‌ی به ڕاستی بیسه‌لمێنێ به‌ڵێ ده‌توانێ هه‌موو كارێك بكات، خۆی ناچار كرد ببێته خوێنه‌وارێكی گه‌وره تا له دواییدا بوو به فه‌یله‌سووفێكی ناوداریش. له سه‌رده‌مێكدا فه‌لسه‌فه و فیكر كارێكی پیاوانه بووه و ژن تێیدا دوور بووه.
دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌گاته 20 ساڵ، دایكیشی ده‌مرێ، دواتر پووریشی ده‌مرێ، به‌م شێوه‌یه هیچ پشتوپه‌نایه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی نامێنێ و به ته‌واوی به‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌وه به‌رپرسیارییه‌تیی ژیانی هه‌مووی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی خۆی. له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا ئه‌م كچه به‌هێزه وێڕای ئه‌و هه‌موو كۆسته‌ی تووشی هاتووه بۆ ڕزگاربوون له كۆسپه‌كان، بڕیار ده‌دات بچێته له‌نده‌ن، ئه‌مه‌یش بۆ كچێكی له‌و ته‌مه‌نه و بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه، بڕیارێكی ئاسایی نه‌بووه. ڕه‌نگه كچانی تری هاوته‌مه‌نی به ئاسانی نه‌یانتوانیایه بڕیاری ڕۆیشتن بۆ گه‌ڕه‌كی ئه‌ودیویش بده‌ن. ئه‌رێ به‌ڕاست، بۆ هێشتا له‌ناو زۆر خانه‌واده‌ی كوردستان وا نییه؟ هێشتا هه‌زاران ماڵی وامان نییه، نایه‌ڵن كچه‌كه‌یان بۆ ڕۆیشتنی زانكۆش سواری پاس ببن؟
ئه‌گه‌ر ماری پیاو بوایه به‌و زیره‌كی و لێهاتووییه‌ی هه‌یبوو، هه‌موو ده‌رگه‌یه‌كی به‌رز و باڵای خوێندنی بۆ ده‌كرایه‌وه، گوته‌كانی پیرۆز ده‌كرا و به ده‌یان به‌رگ كتێبی بڵاو ده‌بوونه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه و سه‌رده‌مه‌كه‌ش سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه، هه‌موو ئه‌و شتانه ئه‌سته‌من.
به ماوه‌یه‌كی كورت، دوای ئه‌وه‌ی ماری گه‌یشته له‌نده‌ن، چووه ناوچه‌ی چێڵسی كه زیاتر هونه‌رمه‌ندان و بیرمه‌ندان و خانه‌واده زه‌نگینه‌كانی لێ ده‌ژیان. له‌وێ هاوڕێیه‌تیی كۆمه‌ڵێ ئه‌دیبی كرد و به‌هۆی ئه‌وه‌ی هزرێكی فیمینستی هه‌یه، له‌نێویاندا زیاتر له كاترین جۆنز نزیك بووه‌وه و بووه ئه‌ندام له یانه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا.
لێره‌وه ورده‌ورده ماری توانی خۆی دروست بكات، هه‌ر له‌ڕێی پێوه‌ندییه‌كانییه‌وه، تا ده‌گاته بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعر و نووسین و ته‌نانه‌ت نامه‌كانیشی كه به‌شێكن له ئه‌رشیفی گرنگی ئه‌و. ماری وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ چینی هه‌ژار و عه‌وامی ده‌نووسی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا نووسین بۆ ئه‌و چینه عه‌یبه بوو، ئه‌گه‌ر ژنێكیش وای بكردایه به لادراوی سێكسی و زۆر تۆمه‌تی تر له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا، به‌ڵام ئه‌م به پێچه‌وانه‌وه، له‌لایه‌ن ئوستوقراتییهكانهوه هێشتا ده‌خوێندرایه‌وه و ڕێز له نووسینه‌كانی ده‌گیرا.
كاتێك ته‌مه‌نی ده‌بێته 27 ساڵ، نامه‌یه‌ك بۆ "جۆن نۆریس" ده‌نێرێ كه پیاوێی گرنگی "گرووپی ئهفلاتوونییهكانی كامبریج" بووه، له نامه‌كه‌دا ڕه‌خنه له بۆچوونه‌كانی ده‌گرێ و به‌م شێوه‌یه نامه‌یه‌كی زۆر له نێوانیاندا دروست ده‌بێ و به‌ناچاری نۆریس ددانی پێدا ده‌نێ كه هزری ماری جێی سه‌رنجه، به‌وه‌یش نه‌وه‌ستا، دواتر نامه‌كانی نێوان خۆی و ماری بڵاو كرده‌وه.
ماری به‌وه ناوبانگی ده‌ركرد، كه ڕه‌خنه‌ی له پیاوه بیرمه‌نده گه‌وره‌كان ده‌گرت، به شێوه‌یه‌ك بووبووه ڕكابه‌ری سه‌رسه‌ختی هه‌موویان و كه‌س نه‌ما به زنجیرهنامه ڕه‌خنه‌بارانی نه‌كات، وه‌ك تۆماس هۆبز، جۆن لوك، دانیێل دیڤۆ، چارلز دافینانت و زۆری تر.
دوای ئه‌وه‌ی ڕكابه‌رییه سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌كانی ماری به‌رانبه‌ر فه‌یله‌سووفه ناوداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی گه‌یشته لووتكه و ناوبانگێكی زۆری له وڵات‌دا په‌یدا كرد، كاتی ئه‌وه هات هزره فیمینزمهكانی بڵاو بكاته‌وه و به ڕوونی داوای یه‌كسانیی جێنده‌ری بكات، داوای ده‌كرد هه‌موو ڕێیه‌ك بۆ خوێندنی ژنان بكرێته‌وه و له‌و مافه بێبه‌ش نه‌بن. شه‌ش كتێبی بچووك و دوو كتێبی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خوێندن، سیاسه‌ت، فه‌لسه‌فه وئاین نووسی و له هه‌موویاندا خاڵی زه‌ق بریتی بوو له یه‌كسانیی ژن و پیاو. یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی قبووڵی نه‌بوو خوا نێر بێت. هه‌میشه ده‌یگوت ده‌بێ نه نێر بێت نه مێ، یان هه‌ردووكیان. بۆیه هه‌موو ده‌سته‌واژه‌كانی له ده‌قه ئاسمانییه‌كاندا هه‌بوو كه ڕه‌گه‌زی نێر بۆ خوا به‌كار ده‌هێنن، به ڕاستی نه‌ده‌زانین.
ماری بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر هاوسه‌رگیری هه‌بوو، له ساڵی 1700 كتێبێكی سه‌باره‌ت به هاوسه‌رگیری به‌گشتی نووسی و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه دا ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات هاوسه‌رگیری نییه، گرێبه‌ستێكه له نێوان باوكی و مێرده‌كه‌ی و ئه‌م ته‌نیا له خزمه‌تی ماڵێكه‌وه بۆ ماڵێك ده‌گوازرێته‌وه، پێویسته ژنان ئاقڵانه بیر له‌و پرۆسه‌یه بكه‌نه‌وه و نه‌یه‌ڵن له‌جیاتیی ئه‌وان كه‌س بڕیار بدات. ئه‌م جۆره گوتانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره بۆ سه‌رده‌می خۆی، گه‌وره‌ترین شۆڕ بوون.
له كتێبهكهسدا نووسیویه‌تی: "ژن، به‌رانبه‌ر ئه‌و پیاوی سێكسی له‌گه‌ڵ ده‌كات، هیچ ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نییه، هیچ هاندانێكی ئه‌وه‌نده دڵخۆشكه‌ریش نییه تا حه‌ز له‌و هاوسه‌رگیرییه بكات، واته ده‌بێ چ دڵخۆشییه‌ك و پلهبهرزییهك بێت، كاتێك ده‌بێته سه‌رۆكی كاركه‌ره‌كانی ماڵ؟ پیاوان وا ده‌زانن به‌مه هه‌موو مافه شایسته‌كانی ژنیان پێ به‌خشیوه. ئایا ڕۆڵی ژن و په‌یامه‌كه‌ی له‌م ژیانه‌دا هه‌ر ئه‌مه‌یه. ئه‌ی ناكرێ ئه‌م پێوه‌ندییه به شێوه‌یه‌كی ڕاست بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان (ژن و مێرد) له یه‌ك ئاستدا بن؟."