پەرلەمانتارێكی كەركووك: حكوومەتی عێراق بەرپرسە لە داگیركاریی زەویوزاری كورد

:: PM:10:17:18/01/2020 ‌
 
لە چەند ناوچەیەكی سنووری پارێزگای كەركووك عەرەبی هاوردە دەستیان بە داگیركردنی زەوی هاووڵاتییان كورد كردووەتەوە و پەرلەمانتارێكی كودیش ئاماژە دەكات كە حكوومەتی عێراق لەگەڵ چارەسەركردنی ئەو كێشە نییە.
وەزیری دادی عێراق دەتوانێت ئەو پێشێلكارییە بوەستێنێت
جەمال شوكر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەركووك بە"وشە"ی ڕاگەیاند، داگیركاری وەرگرتنەوەی زەوی لە كوردەكانی ناوچەی خەرابە و سەرگەڕان و دبس و داقووق و لەیلان و تازە و لە قەرەهەنجیر، ئەو پرسە ئیشی لەسەر كراوە و سەرۆكی حكوومەت لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە كە نوێنەری هەموو لایەنەكان و وەزارەتە پێوەندیدارەكان و نوێنەری سەرۆك كۆمار و پێكهاتەكانیشی تێدا بوو، كاری لەسەر كراوە.

زیاتر گوتی، هەروەها لیژنەیەكیش لە یۆنامی دروست كراوە، پێكهاتەكانی كەركووكیشی تێدا بوو، بەشێك لە عەرەبەكان لە دادگا ئەو زەویانەیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام بە كرداری وەریان نەگرتووەتەوە، چونكە دەكرێت تەمیز بكرێتەوە، بەڵام حكوومەتی بەغدا خۆی لەگەڵ ئەوە نییە ئەو بابەتە چارەسەر بكات.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، ڕێژەی ئەو زەویانە زۆرە و سەروو 100 دۆنم و بگرە زۆر زیاتریشە، پێویستە كورد دادگا سكاڵا تۆمار بكەن، چونكە بە بڕیاری ژمارە چواری 2005 و بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 ئەو زەویانە هی كوردن و لەبەرژەوەندی ئەواندان.

ئەمڕۆ شەموو، ڕەسوڵ ڕەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان  بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر دەست كراوە بە داگیركاریی زەوی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و لە گوندەكان، ئەوانەی زەوییەكان داگیر دەكەن، عەرەبە هاوردەكانن كە هێنراونەتە ئەوێ.

زیاتر گوتی، دادگای كەركووك پشتیوانی لەو عەرەبە هاوردانە دەكات، لە 2012 بڕیارێك دەرچووە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە دەڵێت، ئەو زەویانەی لە سەردەمی ڕژێم كە موڵكی كوردە و بەدەست عەرەبەوە بووە، نابێت ئیش بەو بڕیارە بكرێت كە ئەوە لە قازانجی كوردە، بەڵام لە 2016 بڕگەیەكی تر دەرچووە باس لەوە دەكات كە دەتوانرێ ئیش بەو گرێبەستانەی سەردەمی ڕژێم بكرێت كە زەوی كورد دراوە  بە عەرەب و موڵكی عەرەبەكانە، ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندی عەرەبەكانە.

ئەو بەرپرسە كوردە روونی كردەوە، هۆكاری ئەو دۆخە بە پلەی یەكەم وەزیری دادی عێراق بەرپرسیارە و ئەو دەتوانێت ئەو كارانە ڕابگرێت و ئەو پێشێلكارییە بوەستێنێت، دوای ئەوەی پارێزگارە سەپێنراوەكەی كەركووك هۆكارێكی ترە بۆ ئەو دۆخە، چونكە ئەویش لەگەڵ ئەو بڕیارەیە كە لە بەرژەوەندیی عەرەبدایە.

لای خۆیەوە ڕەسوڵ سدیق، دانیشتووی شاری كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو زەویانە تۆمار و تاپۆیان بە ناوی كورد و هاووڵاتییانی ناوچەكەوەیە، ماوەی زیاتر لە سەدەكانی ڕابردووەوە ئەو زەویانە لەسەر كورد تاپۆ كراون، بەڵام عەرەبی هاوردە لە ناوچەكە دەیانەوێ داگیریان بكەن و هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ناوچەكە دەكەن.

زیاتر گوتی، كێشە بۆ ژمارەیەكی زۆر لە كوردی ناوچەكە دروست بووە و لە دڵەڕاوكێداین و داواكارین لە نوێنەرە كوردەكان ئەو قۆرخكارییە ڕابگرن، عەرەبی هاوردە ڕۆژانە دێنە سەر زەوییەكان و دەڵێن كە هی خۆیانە و بڕیارێكی پەرلەمانیان كردووە بە بیانوو بۆ ئەوەی ئێمە واز لەو زەویانە بێنین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل