پۆلیسی دیاله ده‌ڵێت، بڕیاره سبه‌ى یه‌كشه‌م 19ی كانوونی دووه‌م، ته‌واوی ئه‌و پۆلیسانه‌ی كه له سنووری پارێزگای دیاله له ماوه‌كانی ڕابروودا به‌هۆكاری جیاجیا له‌كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه، ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه سه‌ركاره‌كانیان، به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی له‌سه‌ر و به‌ندی داگیركاری داعشدا زۆر ترین پۆلیسیان ده‌ست به‌رداری كاره‌كانیان بوون.
نیهاد محه‌مه‌د، له پۆلیسی دیاله بۆ "وشه" ئاشكرایكرد، بڕیاره سبه‌ی به‌پێی فه‌رمانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دیاله ته‌واوی ئه‌و پۆلیسانه‌ی له‌كارخراون، به‌هۆكاری جێهێشتنی ده‌وام یاخوود پابه‌ند نه‌بوون به‌ده‌وام، ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه سه‌ر كاره‌كانیان.
زیاتر گوتى، ئه‌و بڕیاره ئه‌و پۆلیسانه‌یش ده‌گرێته‌وه كه ده‌كه‌ونه سنووری خانه‌قین و ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله، چونكه به‌هۆی ئاواربوونی هاووڵاتییانی ئه‌و ناوچانه و زۆر پۆلیسی ئه‌و ناوچانه نه‌یانتوانی ده‌وام بكه‌ن.
به ژماره‌یش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئه‌و پۆلیسانه ژماره‌یان ده‌گاته 1495 پۆلیس و ڕۆڵ و كاریگه‌ریان ده‌بێت له پاراستنی دۆخی ته‌ناهی ته‌واوی دیاله.
فارووق جه‌لیل، وه‌ك پۆلیسێكی له‌كارخراو، بۆ "وشه" گوتی، ده‌یان پۆلیسی سنووری سه‌عدییه و جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په كه خۆی وه‌ك كوردێك ده‌یان ناسێ به‌هۆی دۆخی ته‌ناهی و ئاواربوونی ماڵباته‌كانیانه‌وه ئاواره‌بوون، بۆیه ئه‌و بڕیاره سوودی بۆ ئه‌وان زۆره.
له‌دواى سه‌رهه‌ڵدانى داعش و دروستبوونی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانیان، له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كان و دیاله زیاتر له هه‌زار پۆلیس به‌هۆكاری جیا جیا نه‌یانتوانی ده‌وام بكه‌ن و ماوه‌ی پێنج ساڵه له‌كارخراون.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی