ئێكسۆن مۆبیل دەست بە فرۆشتنی پشکەکانی دەکات

:: AM:10:21:20/05/2020 ‌

كۆمپانیای نەوتیی ئێكسۆن مۆبیل كە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی ئەمەریكایە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت، بڕیاری داوە پشكەكانی خۆی لە گەورەترین كێڵگەی نەوتیی ئازەربایجان بفرۆشێت.

جۆلی كینگ گوتەبێژی كۆمپانیاكە ئەم هەنگاوەی بە شتێكی ئاسایی زانیوە و گوتوویەتی، زۆرجار ئێكسۆن مۆبیل هەوڵی داوە سامانی خۆی زیاد بكات یان لێی كەم بكاتەوە و ئەگەر پشكەكانی كۆمپانیاكە بۆ هەر كۆمپانیایەكی تر بەهای هەبێت، ئەوا ئامادەیە پێی بفرۆشێت.

یەكەم جار نییە ئێكسۆن مۆبیل هەوڵی فرۆشتنی پشكەكانی دەدا، لە ساڵی 2018یش 6.8%ی پشكەكانی خۆی خستە بازاڕەوە و ئەوكات شێڤرۆنیش كە بە گەورەترین كۆمپانیای ركابەر هەژمار دەكرێت، بەشێك لە پشكەكانی خۆی خستە بازاڕەوە.

ساڵی رابردوو شێڤرۆن 9.8%ی پشكەكانی بە ملیارێك و 570 ملیۆن دۆلار فرۆشت كە سەرووی ئەو پشكانە بوو ئێكسۆن خاوەندارێتی دەكرد.

هێشتا دیار نییە ئێكسۆن پشكەكانی بە چ نرخێك دەفرۆشێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی نرخی نەوت پێشبینی دەكرێ كەمتر لە شێڤرۆنی دەست بكەوێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئازەربایجان هێشتا لەسەر ئەو هەڵویستەی ئێكسۆن هیچ قسەیەكی نەبووە. 

ئێكسۆن مۆبیل بە دووەم گەورەترین كۆمپانیای بواری نەوتی دنیا هەژمار دەكرێت
ئێكسۆن مۆبیل بە دووەم گەورەترین كۆمپانیای بواری نەوتی دنیا هەژمار دەكرێت كە نووسینگە سەرەكییەكەی لە تێكساس هەڵكەوتووە.








وشە - سلێمان تاشان