یاساناسان: ڕادەستكردنەوەی تیرۆریستان لەلایەن هاوسەرۆكانی یەكێتی كارێكی نایاساییە

:: AM:11:03:20/05/2020 ‌

بەبڕیاری هاوسەرۆكانی یەكێتی، 170 چەكداری تیرۆریست لە گرتووخانەكانی كوردستانەوە ڕادەستی هۆزە عەرەب و پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك كرانەوە. یاساناسان دەڵێن، ڕادەستكردنی چەكداران بە هۆز و پارێزگاری بەوەكالەت، نایاساییە و حزب هیچ كات دەسەڵاتی ئەوەی نییە لە بری دادگاكان بڕیاری ئازادكردن بۆ كەسانێك دەربكات كە تاوانبارن بە ڕەشەكوژی.
ئەو كەسانە تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە و دەستیان هەبووە لە كوشتن و رەشەكوژی

فاڕووق محەمەد ماف پەروەر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕادەستكردنی گیراوانی داعش بە پارێزگاری كەركووك یان بە هەر دەسەڵاتێكی تر، كارێكی نایاساییە لەبەرئەوەی ئەو كەسانە تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە و دەستیان هەبووە لە كوشتن و رەشەكوژی خەڵك و تاوانی تیرۆریستی و دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە.
ئەو گیراوانەی داعشی تیرۆریست لەبەر ڕێگری یاسایی تەنانەت ناكرێت بە كەفالەتیش ئازاد بكرێن

 ئەو بە پێویستی دەزانێت سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە بدرانایە دادگا و بە پێی یاسای تیرۆر و یاسا بەركارەكان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و دادگایی بكرێن، هیچ كەس و دەسەڵاتێك مافی ئازادكردنی تۆمەتبار و تاوانباری نییە، بە تایبەت ئەو گیراوانەی داعشی تیرۆریست لەبەر ڕێگری یاسایی تەنانەت ناكرێت بە كەفالەتیش ئازاد بكرێن لەبەرئەوەی سزاكەیان بەندكردنی تاهەتایی و سێدارەیە. هەرچەندە دەكرێت و ڕێپێدراوە لەسەر ئاستی فەرمی ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری عێراقی فیدراڵ بكرێن بە مەبەستی دادگاییكردنیان لە دادگاكانی پارێزگاكانی تری عێراق، لەو شوێنانەی تاوانەكەیان ئەنجام داوە بەپێی تایبەتمەندی شوێن.

 ئەو تاوانبارانەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان تاوانی تیرۆریستییان ئەنجام داوە، بە گوتەی یاساناسەكە لە ڕێزەكانی داعش بوون و خەڵكی سڤیلیان كردووەتە ئامانج و ئاسایشی وڵات و سەروەری داودەزگاكانی عێراق و هەرێمیان  خستووەتە  مەترسییەوە. ئەوانە مامەڵەی دیلەكانی جەنگیان لەگەڵ ناكرێت بەناوی ئاڵوگۆڕی دیلەكانەوە ئازاد بكرێن، یان ڕادەست بكرێنەوە و بەگشتی هیچ پاساوێك بۆ ئەم كارە نییە.
مامەڵەكردن بە گیراو لەلایەن كەسانی حزبییەوە كارێكی نایاساییە

هاوكات پارێزەر كاوە قەرەداغی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، مامەڵەكردن بە گیراو لەلایەن كەسانی حزبییەوە كارێكی نایاساییە، ئەو 170 گیراوەی بڵاو بووەتەوە لە لایەن سەرۆكانی یەكێتی بە ناوەندگیری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك ڕادەستی هۆزە عەرەبەكان كراونەتەوە، بە تەواوی كارێكی نایاساییە و هەرگیز بەرپرسی حزبی بۆی نییە مامەڵە بە بەندكراوان بكات.

وەك زیاتر خستیەڕوو، ئەو تیرۆریستانەی دەگیرێن، دەبێت لە ژێر ڕكێفی ئەنجوومەنی ئاسایشدابن نەك كەسانی حزبی،  تەنیا داگا بۆی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو كەسانە بدات پاش دادگاییكردنیان و بڕیاردان لەسەر تاوانەكەیان.‌ ئەو هەنگاوەی سەركردەكانی یەكێتی بۆ ئازادكردنی 170 چەكدار لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمی و یاساییەكانی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆك هۆزدا، سەرپێچی دەقەكانی یاسایە.
ئەوەی سەركردەكانی یەكێتی كردوویانە، تەنیا پێشخستنی بەرژەوەندی تایبەتیی حزبییە

 "ڕادەستكردنەوەی چەكدارانی تیرۆریستی داعش، تەنیا كاتێك دەكرێ كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی ڕێككەوتنیان هەبێت، ئەویش لەكاتێكدا گیراوەكان عێراقی بن، ئەوەش بەهۆكاری ئەوەی كوردستان هەرێمێكە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ئەوەی سەركردەكانی یەكێتی كردوویانە، تەنیا پێشخستنی بەرژەوەندی تایبەتیی حزبییە". كاوە قەرەداغی وای گوت.

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا تاقمێكی ناو یەكێتی بە سەرپەرشتی لاهوور جەنگی، چەندان جارە تاكلایەنە و لە دەرەوەی دادگاكانی كوردستان، گیراوانی شەڕی تیرۆریستانی داعشیان ڕادەستی هۆزە عەرەبەكان كردووەتەوە، ئەویش بە ناوەندگیری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك كە تەنیا بۆ ئامانجی تاكەكسی خۆیان بووە.

هەڵەبجە / عەزیز ڕەسووڵ



وشە - سلێمان تاشان