گه‌نجێكی شاره‌زا له دیزاین، بۆ یه‌كه‌م جار كتێبێک لەبارەی گرافیك دیزاین بۆ كتێبخانه‌ی كوردی زیاد ده‌كات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندان خولی ئۆنلاینی بۆ په‌ره‌پێدان و فێركردنی توانای گه‌نجان گوتووه‌ته‌وه، له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه" چه‌ندان زانیاری له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.
به‌شێكی كتێبه‌كه‌یش گرنگییه‌كی باشی داوه به یه‌كه‌ی بنیاتی گرافیك دیزاین كه ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌گێڕیت له ده‌رئه‌نجامی دیزاینه‌كه
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 20ی ئایار، به‌همه‌ن عومه‌ر گرافیك دیزاینه‌ر و نووسەری كتێبی (ده‌روازه‌ی گرافیك دیزاین) به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئەم کتێبە بریتییه له 314 لاپه‌ڕه‌ی ئاڕتی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، له‌سه‌ر بابه‌ته بنچینه‌یی و سه‌ره‌تاكانی گرافیك دیزاین كه پێویسته هه‌موو فێرخوازێك پێش هه‌نگاونان بۆ ناو دنیای نه‌رمه‌كاڵاكانی دیزاین بیزانێت و ئاشنای ببێت".
زیاتر گوتی، كتێبی "ده‌روازه‌ی گرافیك دیزاین" بابه‌ته‌كانی (زاراوه‌كانی گرافیك دیزاین - هونه‌ر و دیزاین - گرنگی گرافیك دیزاین - مێژووی گرافیك دیزاین - هه‌نگاوه‌كانی فێربوونی گرافیك دیزاین - بواره‌كانی گرافیك دیزاین - ستایله‌كانی گرافیك دیزاین - توخمه‌كانی گرافیك دیزاین - بنه‌ماو ڕێساكانی كۆمپۆزیشن - تۆڕ - دیزاینی چاپ - چاره‌سه‌ری كێشه - پرۆسه‌ی دیزاینكردن) له‌خۆ ده‌گرێت.
ڕوونی كرده‌وه، "به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه ڕوانینێكی ترت ده‌بێت بۆ پیشه‌كه‌ت به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی تا ئێسته گرنگیت به لایه‌نی كرداریبوونی دیزاین نه‌داوه و هاوسه‌نگیت ڕانه‌گرتووه له‌گه‌ڵ جوانیدا، هه‌روه‌ها له‌م كتێبه‌دا ئه‌وه خراوه‌ته ڕوو كه هونه‌ر ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌گێڕێت له گرافیك دیزایندا، به‌ڵام گرافیك دیزاینه‌ران هونه‌رمه‌ند نین و پیشه‌كه‌یان جیایه له هونه‌ر، جیا له‌وه‌یش له‌م كتێبه‌دا گرنگی گرافیك دیزاین خراوه‌ته ڕوو له بواری بزنس و ڕێكلامدا تا گرافیك دیزاینه‌ر به‌رچاوی ڕوون بێت له‌كاتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كڕیار."
ماوه‌ی ساڵ و نیوێك خه‌ریكی دانانی كتێبی گرافیك دیزاین بووه
ئاشكرای كرد، پێویسته گرافیك دیزاینه‌ر به مێژووی پیشه‌كه‌ی و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی شۆڕ‌شیان له گرافیك دیزایندا به‌رپا كردووه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامن ئاشنا بێت، لێره‌دا باسی ئه‌وه كراوه هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له شارستانی سۆمه‌رییه‌وه ئیلهاممان وه‌رگرتووه.
نه‌یشارده‌وه كه له كتێبه‌كه‌ی باشترین هه‌نگاوه‌كانی فێربوونی گرافیك دیزاین و پشت په‌رده‌ی پشت گرافیك دیزاینه‌ره پێشكه‌وتووه‌كان ده‌خاته ڕوو، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانی به‌ره‌وپێشچوون چه‌ند هێنده زیاد بكات، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی داهێنان و هه‌نگاونان بۆ ئاستی پڕۆفیشناڵ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه كێشه‌ی نه‌بوونی بیرۆكه‌یه بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كات.
به‌همه‌ن عومه‌ر ڕای ئه‌و بواره سه‌ره‌كییانه‌ی دیاری كردوون كه گرافیك دیزاینه‌ر ده‌توانێت كاری تێدا بكات و به‌رچاوی ڕوون بێت له‌كاتی هاتنه ناو پیشه‌كه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش ئه‌و ستایله سه‌ره‌كییانه باس كراون كه له دنیای گرافیك دیزایندا باون و هۆكارێكه بۆ پێوه‌ندییه‌كی باشتر له نێوان دیزاینه‌ر و كڕیاردا و خوێندنه‌وه‌ی مێشكی كڕیار.
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه له به‌شێكی كتێبه‌كه‌یش گرنگییه‌كی باشی داوه به یه‌كه‌ی بنیاتی گرافیك دیزاین كه ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌گێڕیت له ده‌رئه‌نجامی دیزاینه‌كه، له‌گه‌ڵ چۆن بتوانین توخمه‌كانی دیزاین له‌ناو كۆمپۆزیشندا ڕێك بخه‌ین و پێكه‌وه بیناگونجێنین و بتوانین ده‌رئه‌نجامێكی باشتر به‌ده‌ست بهێنین.
له‌باره‌ی بڕیاری دانانی كتێبی گرافیك دیزاینیش گوتی، بیرۆكه‌كه ئه‌و كاته ده‌ستی پێ كرد كه دوو ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كتێبخانه‌كان ده‌گه‌ڕام بۆ كتێبێكی كوردی تایبه‌ت له‌سه‌ر گرافیك دیزاین، له هه‌ردوو شاری سلێمانی و هه‌ولێر زۆر شوێن گه‌ڕام و ده‌ستم نه‌كه‌وت، دواتر بێ ئومێد بووم كه كتێبێك به زمانی كوردی له كتێبخانه‌كاندا بوونی هه‌بێت، به‌م هۆكاره‌ش بڕیاری هه‌نگاوه مهزنهكهم دا، ئه‌ویش خۆم یه‌كه‌م كتێبی گرافیك دیزاین دابنێم بۆ كوردزمانان و پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی كوردی بكه‌م، سوپاس بۆ خوا له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا به‌چاپ گه‌یشت و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زیاتر له 300 ژماره‌ی لێ فرۆشراوه كه بێگومان ئه‌گه‌ر به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه نه‌بووایه، زۆر زیاتریشی لێ ده‌فرۆشرا، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و جۆش و خرۆشه‌ی گرافیك دیزاینه‌ری كورد و خوێنه‌ری كورد بینیومه بۆ هاتنه‌كایه‌ی یه‌كه‌م كتێبی تیۆری تایبه‌ت به فێربوونی گرافیك دیزاین.
یه‌كه‌م كتێبی تیۆری تایبه‌ت به فێربوونی گرافیك دیزاینه
"ئامانجم له‌م كتێبه به‌ره‌وپێشبردنی پیشه‌ی گرافیك دیزاینه له كوردستاندا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر فێرخوازێك له‌كاتی ده‌ستپێكیدا به‌هۆی ئه‌م كتێبه‌وه گرافیك دیزاین بناسێت و به‌رچاوی ڕۆشن بێت له‌م دنیا قووڵه‌ی گرافیك دیزاین، هه‌رچه‌نده من ئه‌م كتێبه‌م بۆ ئاستی سه‌ره‌تا داناوه، به‌ڵام له‌و فیدباكانهی پێم گه‌یشتووه‌ته‌وه، گرافیك دیزاینه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانیش توانیویانه له‌م كتێبه سوودمهندبن و زۆر له بابه‌ته‌كانی تازه بێت بۆیان، كه بێگومان هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه زۆربه‌ی گرافیك دیزاینه‌ری كورد به‌هۆی نه‌زانینی زمانی دووه‌م و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی فێربوونی كوردی زیاتر بایه‌خی به‌لایه‌نی كرده‌نیی داوه." به‌همه‌ن عومه‌ر گرافیك دیزاینه‌ر وای گوت.
له كۆتادا ئاماژه‌ی كرد، ماوه‌ی ساڵ و نیوێك خه‌ریكی دانانی كتێبی گرافیك دیزاین بووم، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ستم ده‌كرد خه‌ریكم دنیایه‌كی فراوانی گرافیك دیزاین به‌ساده‌یی له‌ناو كتێبێكی 314 لاپه‌ڕه‌ییدا كۆ ده‌كه‌مه‌وه و ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌م بخه‌مه سه‌ر كاغه‌ز، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا پێم وایه حه‌قی ته‌واوه‌تیم به گرافیك دیزاین نه‌داوه و هه‌م پێویسته له چاپه‌كانی دواتردا زیاتر كتێبه‌كه به‌ره‌وپێش به‌رم و بیگه‌یه‌نمه ئاستێك وه‌ك میتۆد به‌كار بهێنرێت.
به‌همه‌ن عومه‌ر /27 ساڵه/ و له شاری سلێمانی ده‌ژی، له منداڵییه‌وه حه‌ز و خولیای وێنه‌كێشان و سكێتچی هه‌بووه و دوای ئه‌وه‌ی له قۆناغی شه‌شدا نمره‌ی 96 به‌ده‌ست هێنا و له به‌شی ئه‌ندازیاری به‌نداو وه‌رگیراوه، به‌ڵام به‌هۆی زۆری خولیا و حه‌زی بۆ كاری گرافیك دیزاین، ورده ورده هه‌ستی كردووه هیچ حه‌زێكی بۆ ئه‌و به‌شه نییه و وازی له خوێندن هێناوه و بڕیاره له ئاینده‌یه‌كی نزیك بچێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌وێ ده‌ست بكاته‌وه به خوێندن له‌و به‌شه‌ی خۆی ئاره‌وزووی ده‌كات. له زۆر چاپخانه و كۆمپانیا و دامه‌زراوه كاری كردووه و ئێسته به ئۆنلاین وانه ده‌ڵێته‌وه و كاری دیزاینیش بهفریلاینس ده‌كات.