لەسەر ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک تیرۆریست داوای لێكۆڵینەوە لە یەکێتی دەکرێت

:: PM:12:59:20/05/2020 ‌
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، داوا دەکات بەدواداچوون بۆ ڕادەستكردنی ژمارەیەكی زۆر لە گومانلێكراو و تیرۆریستان بكرێت کە دوێنێ یەکێتی ڕادەستی کردوونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئایار، ڕێڤینگ هرووری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە لە گەڕاندنەوەی ژمارەیەك لە گیراو و گومانلێكراوی تیرۆریستی بكرێت.

دەگوترێ ئەو كەسانە دەستیان هەبووە لە شەهیدكردنی پێشمەرگە 
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە گوتی، دەگوترێ ئەو كەسانە دەستیان هەبووە لە شەهیدكردنی پێشمەرگە، بۆیە وەك پەرلەمان لە دوای جەژن بەدواداچوون لەسەر زانیاری و چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو كەسانە دەکەین.

باسی لەوەش كرد، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و حكوومەت بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەن، تا ڕوون بێتەوە ئەو ڕێككەوتنە چۆنە و ئەو كەسانە كێن ڕادەستی بەرپرسانی كەركووك كراون.

"ئەوەی گوتراوە و زانراوە ئەو كەسانە لەلایەن حكوومەتی عێراق چاودێری دەكران و لەژێر چاودێری ئەوان بووە، پێدانەوەی ئەو كەسانەش ئێمە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكی دوێنێ‌ زانیومانە". سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە وای گوت.

رۆژی 19ی ئایاری 2020 یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو رێوشوێنێكی ته‌ناهیی و ئیداری و به‌شێوه‌یه‌كی حزبی له‌گه‌ڵ پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك و هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان رێككه‌وت و 170 تیرۆرستی راده‌ستكردنه‌وه‌ بۆ ئازادكردن، وه‌ك حه‌مه‌سوور دووشیوانی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی، له‌ حزووری راكان جبووریدا ددانی پێدا نا، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یش هی ئه‌وانه‌ و به‌ ئامۆژگاری هاوسه‌ركی یه‌كێتی كراوه‌. له‌ كاتێكدا هێشتا پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی كه‌ركووك چاره‌نووسیان نادیاره‌ و شاڵاوێكی تری ته‌عریب ده‌ستی پێ كردووه‌ له‌و ناوچانه‌، بۆیه‌ دیار نییه‌ یه‌كێتیش نه‌یگوت، ئه‌مه‌ بۆ ده‌كات






وشە - رامیار جەواد